پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە هەولێر: ناسنامەمان پێبدەن، دەمانەوێت وەك مرۆڤ بژین

بەشێک لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان گردبوونەوە و داوای دابینکردنی خوێندن و پێداویستییە پزیشکییەکان ‏دەکەن، سەرەڕای ئەوەی منداڵەکانیان بێناسنامەن و داوا دەکەن تۆماربکرێن. ‏

یەکێک لە نوێنەری پەنابەرەکان بە میدیاكانی وت، “داوادەکەین شوێنی نیشتەجێبوونی ‏ئاوارەکانی سوریا فراوان بکەن، مافە سەرەتاییەکانمان دابینبکەن، چونکە ئێمە پێشینەمان ‏پاکە و هیچ کێشیەکەمان لە کوردستان دروستنەکردووە، ئەوەش ئەو بنەمایانەن کە نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بەمەرج دایناوە”. ‏

ڕەخنەی ئەوەشی هەبوو، “لە تورکیا، ئوردن و لوبنان مافی هاوڵاتیبوون دەدەن بە ‏پەنابەران، كێشەی نیشتەجێبوون، تەندروستی، خوێندن و سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانیان بۆ ‏دابیندەکرێت، ڕەگەزنامە و ناسنامەیان پێدەدەن، خزمەتگوزاریی پزیشکی و چارەسەریان ‏هەیە، خوێندنیان بۆ دابینکراوە، منداڵەکانی ئێمە لێرە چارەسەریان بۆناکرێت و خوێندنیان ‏نییە، کە مافێکی سەرەتاییە”. ‏

پەنابەرانی ڕۆژئاوا داوای ئەوەشیان كرد، لەكاتێكدا کۆمسیۆنی پەنابەران پارەیەكی زۆر ‏دەدات بەناوی پرۆژەوە بۆ پەنابەران، “دەمانەوێت بێن ئەو پارەیە بدەن بۆ چارەسەری ئەو ‏منداڵەنەمان کە پێویستییان بە پزیشکە، پێویستیان بە خوێندن و قوتابخانە و مامۆستایە”.‏

نیگەرانن لەوەی منداڵەكانیان کە ڕەگەزنامە و ناسنامەیان بۆناکرێت، دوای چەند ساڵێکی ‏دیکە سەرجەمیان بێناسنامە دەمێننەوە، “لەدوای دە ساڵی دیکە دەبنە بێلانە و چەتە و ‏ئالودەی مادەی هۆشبەر”.‏

ئەوان نەتەوە یەكگرتووەكانیان بە هۆكار زانی بۆ ئەوەی “منداڵی 25 هەزار ئاوارە ‏بێناسنامە و بێخوێندن و بێخزمەتگوزاریی تەندروستی بمێننەوە”. ‏

لەكۆتاییدا بە میدیاكانی باشووری كوردستانیان وت، “دەمانەوێت وەك مرۆڤ بژین”.‏

بابەتی پێشتر

سبەینێ 200 ملیارەكە دەگات

بابەتی دواتر

لە كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share