بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان رایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەكە 25 سم زیادیكردووە.
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ئاكامی بارانبارینی 24 كاتژمێری رابردوودا ئاستی ئاو لە بەنداوەكەدا 25 سم زیادیكردووە.
وتیشی، “لەئێستادا كۆی گشتی ئاوی گلدراوە لە بەنداوی دوكان گەیشتووەتە 38%ی توانای گلدانەوە”.
بەنداوی دوكان یەكێك لە دوو بەنداوە سەرەكییەكەی سلێمانی و هەرێمی كوردستان و توانای گلدانەوە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
لەگەڵ زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ هێشتا ئاستی گلدانەوەی ئاو تیایدا 90 سم كەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، وەك ئەوەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە ئاماژەی پێدا.
پێشتر حسێن ساڵح، بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 50 سانتیمەتر ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیادیکردووە، لەمساڵدا 13 مەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئێستا بەنداوی دەربەندیخان کۆی گشتیی نزیکەی یەک ملیار و 500 مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانی بەخووڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک شوێنی پارێزگای هەولێر بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە زیانی ماددیی زۆری بە هاوڵاتییان گەیاندووە.