كەنگەر دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤدا دروستبكات

كەنگەر بەشێوەیەكی بەربڵاو لە ئوستڕالیا هەن

توێژینەوەیەك كە لەلایەن زانكۆی سیدنی ئوستڕاڵی و رویهامبتۆن لە لەندەن ئەنجامدراوە ئاشكرایدەكات گیانداری كەنگەر دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤدا دروستبكات، ئەمەش جۆرێك لە ئاستی هۆشیاری ئەو گیاندارە نیشاندەدات.

بەپێی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی، توێژەرانی بەشداربوو تاقیكردنەوەیەكی وردیان ئەنجامداوە تا دڵنیابوونەتەوە لە توانای گیاندارەكە لە پەیوەندیكردندا لەگەڵ مرۆڤ.

تاقیكردنەوەكە بریتی بووە لە دانانی سندوقێكی خۆراكی داخراو لە نزیك كەنگەرێك، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانن دەرگای سندوقەكە بكەنەوە.

ئەلیكساندرا گرین، توێژەری بەشداربووی توێژینەوەكە وتی، كاردانەوەی كەنگەرەكە مایەی تێڕامان بووە، بەهۆی ئەوەی لە هەوڵدان نەوەستاوە، بەڵكو هەوڵیداوە هانی مرۆڤ بدات كە لە نزیكیەوە بووە تا هاوكاری بكات لە كردنەوەیدا.

وتیشی، “كەنگەرەكە سەیری توێژەرانی دەكرد و جارێكی دیكە سەیری سندوقی خۆراكەكانی دەكرد، وەك ئەوەی داوای هاوكاری بكات”.

یەكێك لە توێژەران وتی، كەنگەرەكە زۆر لێی نزیك بووەتەوە، پاشان سەیری كردووە و وەك ئەوەی بە چاو داواكاری هەبێت، بەر لەوەی بەرەو سندوقەكە بڕوات وەك ئەوەی بڵێت، “وەرە و بیكەرەوە”.

ئەو تەماشاكردنەی بە داوای هاوكاری دادەنرێت لای گیانداری دیكەش كە پشت بە مرۆڤ دەبەستن تێبینی كراوە، بەڵام ئەو گیاندارانە چەندین دەیەیە لەلایەن مرۆڤەوە بەخێودەكرێن، نەك كەنگەر كە لە دارستاندا دەژی.

ئالان ماكیلیگۆت-ی توێژەر ڕونیكردەوە، ئەوەی لە هەڵسوكەوتی كەنگەردا هەستیپێكراوە هاوشێوەی سەگ و ئەسپ و بزن بووە لەكاتی خستنە ژێر هەمان تاقیكردنەوەوە.

بەپێی توێژینەوەكە ئەزموونەكەی كەنگەر ئەگەری پەیوەندی لەنێوان بونەوەرەكاندا نیشاندەدات، كاتێك سنورێك بۆ هێزی ژیری لە ئارادابێت.

توێژەران ڕونیشیدەكەنەوە ئەم توێژینەوە بیروباوەڕێكی هەڵە ڕاستدەكاتەوە، كە پێیوایە گیانداران بۆیە دەتوانن پەیوەندیمان لەگەڵدا دروستبكەن، چونكە لە شوێنە گشتییەكانی وەك باخچەی ئاژەڵان فێردەبن، بەڵام دەركەوت ئەو باوەرە ورد نییە.

ئەوەی تاقیكردنەوەكەی كەنگەر سەلماندویەتی ئەوەیە كە هەندێك لە گیاندار لە بنەڕەتدا توانای چونە ناو پڕۆسەی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤی هەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو شوێنەی پێشتر تیایدا بووە و، بێ ئەوەی لەسەر دەستی مرۆڤ بەخێوكرابێت.

بابەتی پێشتر

کچەکەی قاسم سولەیمانی بۆچونی خۆی سەبارەت بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ئاشکرا دەکات

بابەتی دواتر

‘ئەوانەی بەهای دۆلاریان بەرزكردووەتەوە هەڵوێستی یەكلاییكەرەوەمان بەرامبەریان دەبێت’

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share