یەپەگە ڕەتیدەكاتەوە هێزەكانیان هێرشی كردبێتەسەر بارەگای پێشمەرگە و ڕونیشیدەكاتەوە ئەوەی لە سحێلا ڕویداوە لە ئەنجامی “لاوازبوونی تێکەڵی و هاوئاهەنگی ئێمە و بەڕێوەبەرانی پێوەندیداری هەرێمی کوردستان بوو”ە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، لە ساڵانی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەردەوام ڕێکەوتن و یەکڕیزی لە نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستاندا بووە و بەردەوامیشە. ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش و مسۆگەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا پەیڕەودەکرا. لە ئەنجامی ئەو یەکڕیزییە زۆربەی ئاڵۆزییەکانی سەرسنوور بەخێرایی چارەسەردەکران.
دەشڵێت، “هێزەکانی ئێمە لە بەرواری 16ی کانوندا، لە نزیک ناوچەی سحێلا هێرشی هیچ بارەگایەکی پێشمەرگەیان نەکردووە. هیچ هۆکارێک نییە کە هێزەکانی ئێمە ئاوەها هێرشێکیان ئەنجام دابێت”.
یەپەگە ڕونیشیدەكاتەوە، دەربارەی ئەو ڕوداوە چەندین ڕاگەیەنراو بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی “دۆخەکە بشڵەژێنن و بابەتەکە گەورە نیشان بدەن و ڕاستیەکان بشارنەوە. لە ڕاستیدا، ئەوەی ڕویدا ئەنجامی لاوازبوونی تێکەڵی و هاوئاهەنگی ئێمە و بەڕێوەبەرانی پێوەندیداری هەرێمی کوردستان بوو”.
جەختیشدەكاتەوە، “وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان دەگرین و داوایان لێدەکەین واز لە سیاسەتی هێرشکارانە و ئاژاوەگێڕانە و تاوانبارکردن بهێنن”.
دوێنێ سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، بەرەبەیانی دوێنێ ژمارەیەک لە گەریلاکانی یەپەگە هەوڵیانداوە بەڕێگەی نایاسایی بێنە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا پێکدادان ڕویداوە.
دواتریش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، گروپێک لە چەکدارانی یەپەگە هەوڵیاندا بەشێوەیەکی نایاسایی لە سوریاوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکانی ئێمە و یاساکانی پاراستنی سنوورە، بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمان ڕێگرییان لێکرا.
وتیشی، “دواتر ھێزێکی زۆرتری یەپەگە، بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی پێشمەرگە و، هێزی پێشمەرگەش دەمودەست وەڵامیان دانەوە و هێرشەکەی یەپەگەیان تێکشکاند”.