قوباد تاڵەبانی پەیامێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، “نەک بەزاندنی سیادەی عێراق بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە”.
لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا دوای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، هاتووە، “بە ئامانجگرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عێراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتییانی کوردستان”.
سەبارەت بە پەیامەکەی جوتیار عادل، کە کەمێک بەر لە ئێستا بەناوی حکومەتی راسپاردەوە بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە کە جوتیار عادل گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتیی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا”.
قوباد تاڵەبانی جەختدەکاتەوە، “جوتیار عادل بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین”.