ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، “لەسەر شاردنەوەی پارە لە هالک بانکی تورکی، بانکی ناوەندیی عێراق دەستیكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن لەگەڵ بانکی کوردستاندا”.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی بڕیاریدا بانکی کوردستان قەدەغەبکات لە دەرکردنی (خطاب ضمان) لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی و بەشداریكردن لەو پەنجەرەیەدا و بێبەشی دەکات لە پێدانی ئەو قەرزانەی كە بانکی ناوەندی دەیاندات.
ئاشكراشیكردووە كە بانکی ناوەندی بانکی کوردستانی بێبەشکردووە لە هەر کردەیەکی خەرجکردنی پارە، کە لە یەك ملیار دینار زیاتربێت تا ئەو کاتەی کرداری چارەسەركردن و دانانی سیستمی ئەلیکترۆنیی بانکەکە تەواودەکەن.
پەرلەمانتارەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە بانکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بانکی کوردستان و کەسی بەرپرسیار لەسەر شاردنەوەی پارەیەکی کۆبووەوە لە هالک بانکی تورکی دەستپێدەکات، کە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا ئەنجامەکەی دەربچێت و هەموو ئەو راوێژکارانەش دەردەکرێن کە بەبێ رەزامەندیی بانکی ناوەندی هێنراونەتە بانکی کوردستان.