پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی فڕۆكەخانەی سلێمانی پەیوەست بە بڕیارەكەی توركیایە.
كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بە کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و بڕیارەکەی تورکیا بۆ قەدەغەکردنی گەشتەکان و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوەی عێراقدا ئەنجامداوە.
وتیشی، “سوپاسی دەکەین پەرۆشانە لەهەوڵدایە کێشەکە چارەسەر بکات”.
وەزیری گواستنەوە ئەمڕۆ سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە و ئەمشەویش لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی توركیا بۆ هەمان مەبەست گفتوگۆی هەیە، وەك ئەوەی یاروەیس ئاماژەی پێداوە.
رۆژی دووشەممە دانا محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هێڵی ئاسمانیی توركیش ئێرلاین لەڕێگەی ئیمەیلەوە ئاگاداریكردینەوە كە سەرجەم گەشتەكانییان لە مانگی چواردا لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەگرن.
وتیشی، “هەر لە رێگەی ئیمەیلەوە داوای روونكردنەوەمان كردووە، بەڵام هێشتا وەڵامنەدراوینەتەوە”.