لوقمان وەردی: لە تەڵاقدانی عێراقەوە بۆ شاگەشکەبوون بە رێکكەوتنێکی زۆرەملێ

لوقمان وەردی جێگری فراكسیۆنی ی. ن. ك لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پارتی لە تەڵاقدانی عێراقەوە گەیشتووە بە قۆناغی شاگەشکەبوون بە رێکكەوتنێکی زۆرەملێ كە بەسەریدا سەپێندراوە.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا لەبارەی ئەو وتارەی بە ناونیشانی “لە تەڵاقدانی عێراقەوە بۆ شاگەشکەبوون بە رێکكەوتنێکی زۆرەملێ” نووسیویەتی، لوقمان وەردی جێگری فراكسیۆنی ی. ن. ك لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، “ساڵانێکی زۆرە یەکێتی فشار و پێداگری دەکات لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و كۆتاییهێنان بە تاڵانکردنی سامانی ھەرێم، رێگای دروست ئەوەیە لەگەڵ بەغداد رێکكەوتن بکرێت”.

جەختیشدەكاتەوە لەوەی ئەگەر “بەناو ئابوریی سەربەخۆی کوردستان رانەگەیەندرایە، ئەوا دۆخی هاوڵاتییانی هەرێم باشتردەبوو تەنانەت بەراورد بە لەمەودواش، بەو پێیەی پێشتر پشکی ھەرێم 17٪‏ـی بودجەی عێراق بووە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ نەوت دەربھێنرێت، کەچی دوای رێکكەوتنی ناچاریی رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی نەوتی ھەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ، پشکی ھەرێم تەنھا  12.6% دەبێت”.

بەپێی وتەی وەردی، ئەوەی دوێنێ كرا رێکكەوتن نەبوو، بەڵکو جێبەجێکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس بوو كە دۆسیەی نەوتی خستەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی و دەڵێت، لە ماوەی 10 ساڵ ھەڕاج و سەرکێشیکردن بە نەوتی ھەرێم، دەسکەوتەکەی بریتی بوو لە بڕینی مووچە و دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر و برسیکردنی خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کوردستان خراوەتە ژێر قەرزێکی 30 ملیار دۆلاری، بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێم بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات و قەرەبووشیان بکاتەوە”.

بابەتی پێشتر

راپۆرتێکی ئەمریکی: دانیشتووانی عێراق زیاترە لە 45 ملیۆن کەس

بابەتی دواتر

بەهۆی کەمبوونەوەی بودجەی هاوکارییە مرۆییەکان خاچی سوور هەزار و 500 کارمەندی کەمکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share