بڕیار رەشید: بڕیاری دادگایە و بەناچاری كردتان وشەی رێككەوتن بەكارمەهێنن

پەرلەمانتارێكی یەكێتی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغداد دەگەڕێنێتەوە بۆ ناچاری و بڕیاری دادگا و داوا لە سەرۆكی حكومەتی راسپاردە دەكات وشەی “رێككەوتن”ی بۆ بەكارنەهێنێت.

بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا روو لە سەرۆكی حكومەتی راسپاردە رایگەیاند، ئەمەی ئێستا بەناچاری کردتان، دەتوانرا زۆر زووتر، زۆر سەربەرزانە تر، بە رەزامەندیی خۆتان و بە دەستکەوتی زۆر زیاتر بکرایە. ئەم قۆناغە تێدەپەڕێت، بەڵام جێ برینی ئەم 9 ساڵە بە جەستەی خەڵکەوە دەمێنێت.

سەبارەت بە راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی كە دەڵێت، (ئەم رێکكەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو وڵات دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە) ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت، كە دەتانزانی خزمەت دەكات “بۆ زووتر نەتانكرد، بۆ کە پێشمەرگە، مامۆستایان، خەنەنشینان و کەمئەندامان هاواریان دەکرد کە پارەی خەرجیی رۆژانەیان پێ نییە موچرکەیەکیشتان پیا نەهات!”.

دەشڵێت، “خۆ ئەگەر وەک خۆتان دەڵێن (‘هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگەڵ عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک که لە چێوەی دەستووردا، رێز له مافەکانمان بگیرێت)، دیارە ریفراندۆم و فرۆشتنی نەوت بە تورکیا گەنجە دانەمەزراو و مامۆستا و پێشمەرگە مووچە پاشەکەوتکراوەکان کردویانە”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، هەموو ئەمەی کردتان ناچاری بوو، دەمێکە یەکێتیی نیشتمانی و سەرجەم حیزبەکانی تر فشاردەکەن، داوا و تکا دەکەن کە واز لەم سیاسەتە شکست خواردوە بێنن، نەتانهێنا. دواجار بە ناچاری کردتان.

تكا لە سەرۆكی حكومەتی راسپاردەش دەكات “وشەی رێکكەوتن بەکارمەهێنن، ئەمە بڕیارێکی دادگا بووە و هیچ پێویستی بە دانوستان و سەردانی بەڕێزتان نەبوو. ئەوکاتەی ئێمە وەک یەکێتی داواماندەکرد پێیدەوترا، رێکكەوتن، ئەمەی ئێستا تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی دادگایە”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، دوای ئەوەی هەموو رێگایەکتان لێداخرا، نەتانتوانی دڵۆپێکیش بفرۆشن، ئینجا دروشمی بەرژەوەندیی گشتی و گوزەرانی خەڵک بەرزدەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

رێككەوتن لەگەڵ بەغداد شانازیی نییە بۆ پارتی، بەڵكو تێكشانە

بابەتی دواتر

رووداوێكی هاتوچۆ قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share