بژار حەكیم جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بەیاننامەی فەیك و ساختە لە میدیای رەسمی سەرۆكی حكومەتەوە لەسەر دۆخی سلێمانی بە ئامانجی سیاسییەو دوورە لە ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسی بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە بەیاننامە و هەواڵە فەیكانە كارێكی تێكدەرانەیە و بە ئامانجی سیاسی دەنووسرێن و بڵاودەكرێنەوە.
وتیشی، ئەم جۆرە كارانە و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و داتاشراوی پێشوەختەی بە ئامانجی سیاسی لە كەناڵی رەسمیەوە عەیبە و پرسیارێكی گەورەیە لە بابەتی پیشەیی بوونی میدیایی و كاتێك هەواڵ و راگەیەندراوی ساختە لە میدیاكانی نزیك لە كەسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكار و میدیای سەرۆكی حكومەت بڵاوبكرێتەوە، ئەوە دەبێتە لادانێكی مەترسیدار كە كاریگەری دەكاتە سەر ئاسایش و ئارامی كۆمەڵایەتی و رێگا بۆ سەرپێچی گەورەتردەكاتەوە.
بژار حەكیم ئاماژەی بەوەشكرد، لەكەداركردنی رەوشی شاری سلێمانی لە میدیادا ئامانجی سیاسیی لەپشتەو بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان ناكات.