سەرۆك وەزیرانی عێراق، پاڵاوگەیەكی نەوتی لە كەربەلا كردەوە و دەڵێت، “70%ـی قەیرانی سووتەمەنی چارەسەردەكات و سێ ملیار دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵات”.
پاڵاوگەكە توانای پاڵاوتنی 140 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا هەیە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لە رێوڕەسمی كردنەوەیدا وتی، “پاڵاوگەكە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی راستەقینەیە و لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە یەكەم جارە پڕۆژەی لەم شێوەیە لە عێراق جێبەجێدەكرێت”.
وتیشی، “پاڵاوگەی كەربەلا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگە دروستكراوە و بە نوێترین تەكنەلۆژیای سەردەم كاردەكات”.
بەپێی وتەی سودانی، ئەو پاڵاوگەیە 70%ـی پێویستیی عێراق لە سووتەمەنی دەستەبەردەكات و سێ ملیار دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵات.