کەشناسیی هەرێم کاتی بەفربارینی راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، رۆژى هەینى شەپۆلێکى بەفربارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی وبومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، “پێشبینی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر ناوچەکەمان لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە هەیە، لە ئێستادا کاریگەری ئەم بارستە هەوایە ساردە گەیشتووەتە سەر بەشێک لە وڵاتی تورکیا کە سەرچاوەکەی جەمسەری باکوورە، بۆیە پێشبینی دەکەین سبەینێ لە درەنگانی شەودا ئەو بارستە هەوایە ساردە بگاتە سەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان لە رۆژی هەینی تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کاریگەربێت پێی”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لەگەڵ گەیشتنی ئەم بارستە هەوایە ساردە پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەک نزمدەبنەوە، پێشبینى دابارین هەیە بە تایبەت لە کاتەکانى بەیانى زووى رۆژى هەینى کەمێک باران و بەفریش لەسەر لووتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت، لەگەڵ بەردەوامى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى شەپۆلێکى بەفربارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەیە”.

ئاشکراشیکرد، “ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە 2000 مەتر زیاترە بەفر بارینى دەبێت، چڕترین ماوەى بەفربارین دەکەوێتە شەوى هەینى و بەرەبەیانى رۆژى شەممە، ئاستى بەفرى پێشبینیکراو لە نێوان (5-15)سم دەبێت رۆژى شەممە نزمترین پلەکانى گەرما لە قەزاو ناحیەکانى ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە سفر پلەى سیلیزى و لە سەنتەرى پارێزگاکان لە نێوان (2-4) پلەى سیلیزى دەبێت”.

 

بابەتی پێشتر

لە دیالە سەرجەم ئەندامانی خێزانێک لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران

بابەتی دواتر

رووداوێكی هاتوچۆ بووەهۆی برینداربوونی شۆفێرێك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share