کاتژمێری زەوی
داوا لە جیهان دەکرێت رووناکییەکان بکوژێننەوە

بە دروشمی “ئێستا کاتی سروشتە” و بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی وزە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەسارەکە، هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەرمبوونی جیهان نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات لە جیهاندا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر سەرجەم وڵاتان گڵۆپ و رووناکییەکانیان بکوژێننەوە.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا بەبۆنەی “کاتژمێری زەوی”یەوە، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بۆ ماوەی یەک کاتژمێر رووناکییەکانیان بکوژێننەوە، ئەوەی وەک هەنگاوێک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت ناوبرد.

“کاتژمێری زەوی” هەموو ساڵێک لە کۆتا شەممەی مانگی ئازاردا کە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ 25ی ئازاردا و لە کاتژمێر 8:30ی شەو دەستپێدەکات تاوەکو 9:30، ئەمەش هەر وڵاتێک بەپێی کاتی ناوخۆیی وڵاتەکەی رووناکییەکانی دەکوژێنێتەوە.

“کاتژمێری زەوی” گەورەترین چالاکیی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگی چالاکیی ژینگەیی و نزیکەی حەوت هەزار شار لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری تێدا دەکەن، بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی جیهان لە مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا.

رێکخەرانی چالاکیی “کاتژمێری زەوی” ئامانجیان هاندانی تاک و دامەزراوەکانە بۆ دەستپێشخەریکردن بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی رۆژانەی کارەبا و ئاو، بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون، بەشداریکردن لە ریسایکلکردن و رێکوپێک بەکاربردن بەگشتی.

سندوقی جیهانی بۆ سروشت پێشنیاری کۆمەڵێک رێوشوێن بۆ تاک و رێکخراو و کۆمپانیا و قوتابخانە و زانکۆ و کەسانی تر دەکات بۆ بەشداریکردن لە کاتژمێری زەویدا، لە پێش هەموویانەوە کوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویستە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر.

هەروەها سندوقەکە داوا لە دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان دەکات گڵۆپی ناپێویست لە باڵەخانەکانیان بکوژێننەوە، لە رێگەی چالاکییەکانی ئەم بۆنەیەوە کارمەندەکانیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا هۆشیاربکەنەوە.

بیرۆکەی کاتژمێری زەوی لە خۆپیشاندانێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ساڵی 2007 لە شاری سیدنی پایتەختی ئوسترالیا ئەنجامدرا، کاتێک نزیکەی دوو ملیۆن کەس و ژمارەیەک دوکان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر گڵۆپەکانیان کوژاندەوە، لە ئەنجامدا بەکارهێنانی وزە لەم شارەدا کەمبووەوە بە رێژەی نزیکەی 11%، چونکە چێشتخانەکان مۆمیان بەکاردەهێنا بۆ رووناککردنەوە، گڵۆپەکان لە ماڵەکان و بینا دیارەکاندا کوژانەوە.

بابەتی پێشتر

ئارسیناڵ دەرگای بۆ حەوت یاریزان کردووەتەوە: دەتوانن بڕۆن

بابەتی دواتر

ڕۆما بە هاوکاریی ئەدیداس، بنزیمە دەکڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share