کریستیانۆ: لە نێوان یارییەکی تۆپی پێ و بۆکسێندا، سەیری بۆکسێنەکە دەکەم

کریستیانۆ سەرسامە بە یاری بۆکسێن، پێی وایە سوودی بۆ یاریزانانی تۆپی پێ هەیە

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی ئەفسانەی زیندووی پۆرتوگال و یانەی یوڤانتۆس لە پڕۆگرامێکی تایبەتی تۆڕی (دی ئەی زێد ئێن)ی ئەمریکی، لەگەڵ جێنادی گۆلۆڤکینی پاڵەوانی (UFC) گفتوگۆییەکی تایبەتی ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

 

سەیرکردنی یاری تۆپی پێ یان بۆکسێن؟

“یاریکردنی تۆپی پێ حەز و ئارەزووی منە، بەڵام لە سکرینی تەلەفزیۆنەکانەوە حەزم بە سەیرکردنی وەرزشی دیکەیە، لە نێوان یارییەکی تۆپی پێ یان دابەزینێکی بۆکسێن و (UFC) بێگومان (UFC) هەڵدەبژێرم”.

بەهرەی بۆکسێنی تێدا نییە

” لەو باوەڕەدا نیم لەتوانامدا بێت ببم بە بۆکسێنەر، چونکە یارییەکی زۆر قورسە، پێویستە بەهرەی بۆکسێن لەگەڵتدا لەدایکبووبێت، من بۆ ئەوە لەدایکبووم لە بواری تۆپی پێ ببمە پڕۆفیشناڵ، لە سەرەتاوە هەستم دەکرد ئەو بەهرەیەم تێدایە و بە خۆمم وت: ئەم چانسەی هاتووەتە بەردەستم لەدەستی نادەم”.

 

قورسترین کاتم ئەوەبوو من گەشتمکرد ڕووە و لشبۆنە و باوکم لەدەستدا

 

بۆکسێن لە تۆپی پێ قورسترە

” یاری بۆکسێن کەمێک لە تۆپی پێ قورسترە، کاتێک ململانێدەکەیت بە تەنهایت، لە هۆڵی مەشقەکان شان بەشانی تیمەکەت ڕاهێنان دەکەیت و لە کاتی ڕوبەڕوبوونەوەکاندا تەنها خۆت یاریدەکەیت، ئەوان تەنها ڕاهێنانت لەگەڵ دەکەن، بۆ ئێمە بابەتەکە ئاسانترە، چونکە بە پێکەنینەوە ڕاهێناندەکەین و هەوڵدان لە بوارەکەشدا جیاواز و بە کۆمەڵە”.

لە مانچستەر یونایتد

” کاتێک لە مانچستەر یونایتد یاریمدەکرد ڕاهێنەران هەندێجار بۆکسێنیان لەگەڵ دەکردم، پێموایە ئەزموونی بۆکسێن بۆ بواری تۆپی پێ زۆر سوودبەخشە، سەرنجدان و خوێندنەوەت خێراتردەکات و فێری جوڵەی ناوازە دەبیت”.

جەنگ لە پێناو ژیان

” من و گۆلۆڤکین لە دوو کەشی جیاوازەوە هاتووین، هەریەکەمان لە جەمسەرێکی ئەم جیهانەوە دەستمانپێکردووە، ئێمە خاوەنی خێزانی دەوڵەمەند نەبووین، لەبەرئەوە ناچاربووین لە پێناو ژیاندا بجەنگین، چواردەور و شێوەی ژیانت کاریگەریت لەسەر دروستدەکات و کەسایەتیت بەهێز دەکات”.

 

خەڵکی دەڵێن کریستیانۆ یاریزانێکی ناوازە و بەهێزبوو، بەڵام ئێستا خاوبووەتەوە، نامەوێت وام پێبڵێن

 

ناخۆشترین ساتی ژیان

“من لە دوورگەی مادێرا لەدایکبووم، لە تەمەنی 11 ساڵیدا چاودێرانی سپۆرتینگ لشبۆنە هاتن و لەگەڵ دایک و باوکم قسەیان کرد، سەرسامبوون بە بەهرەی یاریکردنم، ناچاربووم لە لشبۆنە ژیان بگوزەرێنم، بەجێهێشتنی خێزانەکەم قورسترین سات بوو لە تەواوی ژیانمدا، ناچاربووم بڕۆم بەرەو لشبۆنە، کاتێک لەگەڵ خێزانەکەم قسەمکرد، دایکم بە گریانەوە پێی وتم: کوڕم، ئەگەر ئەمە هەڵبژاردەی ژیانتە و دەتەوێت بڕۆیت، بڕۆ، ڕۆیشتم و هەموو ڕۆژێک دەگریام، بیرم دەکردن، قورسترین کاتیش ئەوەبوو من گەشتمکرد ڕووە و لشبۆنە و باوکم لەدەستدا”.

گریان بۆ پیاو ئاساییە

“شتێکی باشە مرۆڤ بەهەست بێت و هەستەکانی نەشارێتەوە، خەڵکانێک دەڵێن گریان بۆ پیاو نییە و پیاو ناگری، کێ وا دەڵێت؟! هەموو کەسێک هەستی هەیە و بەهەر شێوەیەک بێت پێویستە گوزارشتی لێبکەین”.

فێدرەر بە نمونە

“هاوینی ڕابردوو لە دوبەی لەگەڵ ئانتۆنی جۆشوای پاڵەوانی بۆکسێنی جیهان لەبارەی تەمەنەوە قسەمکرد، لە تەمەنی 33 ساڵییەوە هەستدەکەیت تواناکانت بەرەوخوار دەچێت، بەڵام من دەمەوێت لە تۆپی پێ  و وەرزشکردن بەهەمان ئاستەوە بەردەوامبم، خەڵکی دەڵێن کریستیانۆ یاریزانێکی ناوازە و بەهێزبوو، بەڵام ئێستا خاوبووەتەوە، نامەوێت وام پێبڵێن، پێویستە زۆر گرنگی بە جەستەم بدەم، لە بواری وەرزش دەکرێت بە وەرگرتنی ئەزموون تێروتەسەلتر دەرکەویت، زیاتر پێبگەیت، ئەوەش لەسەر هزر و بیرکردنەوەت وەستاوە، لەسەر پاڵپێوەنەر و ئەزموونت وەستاوە کە ئەوەش بابەتێکی ئاڵۆزە، وەک وتم لە بواری وەرزش دەکرێت لەگەڵ ڕۆچوونت بە تەمەن گەورەتربیت، سەیری ڕۆجێ فێدرەر بکەن، گەیشتووە بە تەمەنی 37 و 38 ساڵ و هێشتا لە لوتکەدایە، لە بواری بۆکسێنیش هەندێک بۆکسێنەر بەو شێوەیەن، جینادی و مانی پاکیاو دوو نمونەی دیکەن”.

قوربانیدان بۆ گەیشتن بە لوتکە

” لە ژیانی تایبەتی و وەرزشیمدا قوربانیمدا تاوەکو بووم بە باشترینی جیهان، لەهەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە ببمە کەسێکی باش”.

بابەتی پێشتر

لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە مزگەوتێكی سلێمانی دروستكراوە

بابەتی دواتر

ئاگری كێڵگە نەوتییەكەی كەركوك كوژێندرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆدریگۆ: لە بەرشلۆنەوە نزیکبووم

ڕۆدریگۆی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاندووە، کە پێش ئەوەی پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە بکات ڕێککەوتنی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا هەبووە.…
Total
0
Share