بافڵ جەلال تاڵەبانی: داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەربکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێكی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە، “هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین”.

راشیگەیاندووە، “ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکوکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین”.

دەقی پەیامەكە:-

هاونیشتمانییانی خۆشەویست لە سەرتاسەری کوردستان

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم رۆژانی جەژن لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.

هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا. هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، رایدەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات. ئێستا و هەمووکاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین.

باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین.

ئەمڕۆش کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکوکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین.

دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیس ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکرد کە دزی لە کەپرەکانی دووکان دەکرد

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە کەپرە گەشتیارییەکانی هاوینەهەواری دووکان چەند کەلوپەلێکی جۆراوجۆری دزی بوو”. بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی…
Total
0
Share