قوباد تاڵەبانی: دەبێت هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت لە دامەزراوەی سۆمۆ

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رۆژی دووەمی بەڕێوەچوونی دیداری سلێمانی جەختیکردەوە، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت لە دامەزراوەی سۆمۆ.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە پرسی کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان زانیاری خراونەتەڕوو بەڵام زانیارییەکان بەس نین و دەبێت روونتبن.

لەبارەی ئەوەی پێیباشە نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، جەختیکردەوە کە دەبێت سۆمۆ رێکبخرێتەوە و دامەزراوەیەکی دیکە بۆ بەبازاڕکردنی نەوت دروستبکرێت و بەشداری هەرێمی کوردستانیشی تێدابێت.

وتیشی، “سوپاسی بازرگانان دەکەین کە نەوتەکەمانیان فرۆشتووە بەڵام دەبێت ئەمە رێکبخەینەوە و سیستمێکی توندوتۆڵ و رێکخراوێکی نوێی بۆ دابنێین کە بتوانێت نەوتەکە بفرۆشێت، هەروەها پێویستمان بە دامەزراوەیەکی نوێیە کە دووبارە داهاتەکان دابەشبکاتەوە”.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “کێشەکانی نیوان هەولێر و بەغداد پێویستییان بە چارەسەری بنەڕەتی و یەکجارەکی هەیە، رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز چارەسەرە بنەڕەتییەکەیە و دەرگا بەڕووی “چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەش دەکاتەوە.

وتیشی، “چەندین ساڵە لەسەر بنەمایەکی هەڵە گفتوگۆ دەکەین، گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێ، گرنگ ئەوەیە کێ باشترین نرخی پێ پەیدا دەکرێت و بە شەفافترین شێوە دەیفرۆشێت، لەئەنجامدا داهاتێکی زیاتر و بودجەیەکی شەفاف و شایستەمان دەست دەکەوێت تا بتوانین ئابوریی وڵاتەکەمان ببووژێنینەوە و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانمان دابین بکەین”

سەبارەت بە بودجە قوباد تاڵەبانی وتی، “یاسای بودجە هەیە، ئەوەش یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان، بەڵام یاساکە جۆرێک لە کۆنی پێوەدیارە لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تەنها نیوەی ساڵەکەیە ئەی نیوەکەی دیکە، ئەمە کێشەی گەورە لە پارە و داهاتی وڵاتدا دروستدەکات”.

جەختیکردەوە، هەر کەموکوڕییەک لە یاسای بودجەدا کاریگەریی نەرێنی دەبێت و زیان و جیاوازی گەورە لە داهات و پێداویستیدا دروستدەکات.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح: ستەم بەردەوام نابێت

بابەتی دواتر

سودانی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە: بەپارێزگاکردنی شارەکە ئەرکێکی ئەخلاقییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share