نوێنەری زیندانییانی بادینان: کابینەکەی مەسرور بارزانی دژە مەدەنی و دیموکراسییە

نوێنەری زیندانییانی بادینان رایدەگەیەنێت، ئەگەر نەوەستێندرێت حكومەت پلانی مەترسیداری هەیە و دەشڵێت، کابینەکەی مەسرور بارزانی دەریخستووە کە چەندە دژی خەباتی مەدەنی و دیموکراسییە.

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانییانی بادینان لە نامەیەكدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، “دووبارە سزادانی زیندانییانی بادینان دەرخەری دیکتاتۆریەتی پارتییە، ئەگەر ئەم ئەقلیەتە نەوەستێنرێت حکومەت پیلانی مەترسیداری ھەیە”.

دەشڵێت، “لەکاتێکدا کەمتر لە 24 کاتژمێر مابوو بۆ پێشوازی ئازادبوونی کەسوکارمان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دادگای کەتنی دووی ھەولێر بەپێی ماددەی 279ی یاسای سزادانی عێراقی و بێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ پارێزەرەکانی، سزایەکی نوێ بەسەر رۆژنامەنوس گۆھدار زێباری سەپاند بە بیانوی لۆگۆ گۆڕینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە “نیسان” بۆ “دایو” لە پێش سێ ساڵ (لە کاتێکدا ھیچ لۆگۆی نە گۆڕیوە و ئەمە پەیوەندی بە غرامەیەکی ھاتوچۆ ھەیە)، ئەم سزایە و بە ھێشتنەوە شێروان شێروانی و قارەمان شوکری لە زیندان ھەڕەمی پارتی سوکایەتی بە دادگا و دیموکراسیەت دەکات”.

روو لە رای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی-ش ئەیهان سەعید ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان ماوەی دوو ساڵ و ھەشت مانگە لە پرۆسەیەکی ناسایایی و نادیموکراسیدا سزادەدرێن و ئەو نادادییە دژ بە رەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێم، بەندەکانی دەستووری عێراق و بگرە دژ بە (13) ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون، ئەمەش سومعەی ھەرێمەکەمانی ناشرینتر کردووە و لە جیاتی بە خوداچوونەوە و باشترکردنی دۆخەکە، پارتی دیموکرات بە عەقلیەتێکی دەروون نەخوش و سادیزم خەریکی چێژ وەرگرتنە لە سزادانی ھاوڵاتیانی ئەم نشتیمانە.

نوێنەری زیندانییانی بادینان ئەوەش دەڵێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی كوردستان، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی ھەریەكە لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا و گوھدار زێباری) كەمكرایەوە بۆ (دوو ساڵ و چوار مانگ). بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی 331ی ئازادكردنی مەرجی (الإفراج الشرطي)، پێویست بوو ھەر پێنج زیندانیەكە لە مانگی ئابی پارساڵدا ئازادبكرانایە.

لە كۆتایشدا ئەوەی خستەڕوو، دۆسیەی زیندانییانی بادینان حەقیقەتی ناسەربەخۆیی دادگاکان و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری، دیکتاتۆریەتی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەرخستووە کە چەندە دژی خەباتی مەدەنی و دیموکراسیەتە، ئەگەر یەکێتی و گۆڕان لە ئەدای پارتی نارازین، جیاوازن و پشتیوانی زیدانیانی بادینانن، پێویستە بە ھاوکاریی ئۆپۆزسیۆن ئەم کابینە ماوە بەسەرچووە ھەڵوەشێنن و تا ھەڵبژاردن دەکرێت حکومەتی رزگاری (الانتقال)ی نشتیمانی پێکبێنن.

بابەتی پێشتر

بزانە مووچە دوابكەوێت حكومەت چەند قازانج دەكات؟

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتگیری تەواوی بڕیارە یاسایی و دەستوورییەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share