بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە سودانی کرد و كۆبوونەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق کرا و جەخت لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراق کرایەوە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد لەبەرامبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و داوایکرد، ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عێراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات. وتیشی، دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەکەی خزمەت بکرێت.

لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەش، سەرۆک بافڵ وتی، هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابوری و ژیانی هاوڵاتییان پارێزراوبێت.

سەرۆک بافڵ پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دووپاتکردەوە بە شێوەیەک کە خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و وتیشی، جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکەینەوە بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبن. وتیشی، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێن و هەمووان بە ئاراستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاوبنێن.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بافڵ جەختیشیکردەوە، یەکێتی یەک ئاراستە و یەک بڕیاری هەیە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال لە بەرامبەر پرسەکان پەیڕەودەکات، دەشمانەوێت لەگەڵ دۆستەکانمان پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین و باوەڕمان بە شەراکەت و هاوبەشێتیی راستەقینە و گیانی پێکەوەیی هەیە.

هەر لە دیدارەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئەوەی سوپاسی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی کرد لە بەرامبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنییان لە عێراق و سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت، رایگەیاند، ئەو میراتە دەوڵەمەندەی سەرۆک مام جەلال جێیهێشتووە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و گرنگە تا هەموولایەک پێوەی پابەندبن. وتیشی، سەقامگیریی سیاسیی عێراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەمووان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی هەبێت.

 

بابەتی پێشتر

سودانی سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلالی كرد

بابەتی دواتر

تەندروستیی هەڵەبجە 64 بەرکەوتووی کیمیایی دەنێرێتە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share