براوەکانی ئۆسکاری 2023 کێن؟

تەختی شانۆی مێژوویی دۆڵبی لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆرنیا میوانداریی 95ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکاری کرد، کە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ئەستێرە دیارەکانی سینەما بەشداری تێدا دەکەن و باشترینەکانی ساڵ دەستنیشاندەکرێن.

یەکەم خەڵاتی راگەیەندراوی رێورەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکاری ئەمساك بۆ بەشی ئەنیمەیشن بوو، فیلمی ” Pinocchio” لە دەرهێنانی دەرهێنەری مەکسیکی گیلەرمۆ دێل تۆرۆ، خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی بەدەستهێنا.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە خواستی باوکێکی تەنیا دەکات کە دەیەوێت کوڕێکی هەبێت، دواتر بە شێوەیەکی سیحراوی بووکەڵەیەکی دارین بۆ دەبێت بە کوڕێکی راستەقینە و پەیوەندی باوک و کوڕ لە نێوانیاندا بە شێوەیەکی پتەو دروستدەبێت.

فیلمی All Quiet on the Western Front لە دەرهێنانی ئێدوارد بێرگەر، ئەسپی تاریکیی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکاری ساڵی 2023 بوو بە بردنی سێ خەڵاتی ئۆسکار.

خەڵاتەکانی باشترین فیلمی زمانی بیانی و باشترین بەرهەمهێنان و باشترین سینەماکاری بردەوە، فیلمەکە بەرهەمێکی ئەڵمانییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و باس لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ لەسەر مرۆڤ دەکات.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی هیندستان گۆرانیی هیندیی “ناتو ناتو” خەڵاتی ئۆسکاری باشترین گۆرانیی رەسەنی بەدەستهێنا، تۆڕی ئەمریکیی “CNN” رایگەیاند، کە ئەمە یەکەم گۆرانییە لەلایەن هیندستانەوە بەرهەمهێنراوە و پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار و سەما و مێلۆدییە سەرنجڕاکێشەکانی لەلایەن ئەستێرەی بۆلیوود، دیپیکا پادوکۆنەوە نمایشکراون.

فیلمی “Avatar 2” خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کاریگەرییە بینراوەکانی بەدەستهێنا، جەیمس کامیرۆن دەرهێنەر لە مەراسیمەکەدا ئامادەنەبوو.

ماوەی نێوان بەشی یەکەم و دووەمی فیلمی “ئاڤاتار” نزیکەی 14 ساڵە، چیرۆکەکەی لە دەوری جیهانێکی سەربەخۆی بوونەوەرەکان دەسوڕێتەوە کە لە مرۆڤ دەچن، بەڵام پارێزگاری لە سروشت دەکەن.

فیلمی An Irish Goodbye خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەستهێنا، فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی تۆم بێرکلی و ڕۆس وایتە، فیلمەکە باس لە دوو برا دەکات کە یەکێکیان نەخۆشیی داونی هەیە.

روت کارتەر، دیزاینەری جلوبەرگ بۆ فیلمی (Wakanda Forever)لە دەرهێنانی رایان گوگلەر، خەڵاتی ئۆسکاری باشترین دیزاینی جلوبەرگی بەدەستهێنا، فیلمەکە باس لە خەڵکی واکەندە دەکات کە خەبات دەکەن بۆ پاراستنی زێدی خۆیان لە دەستێوەردانی زلهێزەکانی جیهان.

فیلمی “The Whale” لە دەرهێنانی ڕۆدریگۆ فێرناندێز خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ماکیاژ و ستایلکردنی قژی بەدەستهێناوە و فیلمەکە باس لە باوکێک دەکات کە کێشی نزیکەی 600 کیلۆیە و بەهۆی بێتوانایی لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوروبەر و رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زۆر ئازار دەچێژێت.

وە فیلمی “ناڤالنی” لە دەرهێنانی دانیال رۆهر خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەستهێنا، فیلمەکە باس لە چیرۆکی ئەلێکسی ناڤالنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا و هەوڵەکانی دەکات بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی لە مانگی ئابی 2020دا ژەهراوییان کردووە.

فیلمی Everything Everywhere All At Once سێ خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.

میشێل یۆهی مالیزیی خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری کچ لە فیلمەکەدا بەدەستهێنا کە رۆڵی خاوەن جلشۆرێکی چینی-ئەمریکی دەگێڕێت کە لە قەیرانێکی خێزانیدایە.

یۆ دەبێتە یەکەم ژنی ئاسیایی کە ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت.

هەر لەو مەراسیمەدا، برێندان فرایزەر، ئەستێرەی فیلمی “The Whale” خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.

فیلمەکە خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا دانیال کوان و دانیال شینەرت خەڵاتی باشترین دەرهێنەریان بەدەستهێنا بۆ هەمان بەرهەم.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بارسا تاقیکردنەوەی سان مامێسی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

پاپا مەرجی هاوسەرگیری نەکردنی قەشە هەڵدەوەشێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share