بەهۆی قەیرانی وشکەساڵی لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی هۆشداریدا لە “کۆنترۆڵکردنی تاکلایەنەی ئاوی رووبارەکان لە وڵاتانی دراوسێوە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی لاوازیی وڵاتانی دیکە لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.”
لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە میانی کردنەوەی کۆنفرانسی ئاووهەوا لە شاری بەسرە پێشکەشیکرد، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند کە زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی رووبەڕووی کێشەکانیە وشکەساڵی بوونەتەوە، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقیش سەرچاوەی بژێویی ژیانیان کە راوەماسی یان کشتوکاڵە لەدەستداوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا کە بە “بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی باران و زیادبوونی خۆڵبارین” دەردەکەوێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی سەوزایی، مەترسی لەسەر خۆراک و تەندروستی و ژینگە و ئاسایشی کۆمەڵگا دروستکردووە.
راشیگەیاند کە حکومەتەکەی داوای کۆنفرانسی ناوچەیی دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەرنامە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئاووهەوا .
جێگای سەرنجە عێراق بەدەست قەیرانێکی سەختی ئاوەوە دەناڵێنێت، کە تیایدا تورکیا و ئێران بە هۆکاری “پابەندنەبوونیان” بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و “پێشێلکردنیان” بە پشکی ئاوی وڵاتەکەی دەزانێت، بەتایبەت بەهۆی ئەو بەنداوانەی کە دروستییان کردووە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما و زیادبوونی کەمیی ئاو ساڵ بە ساڵ، عێراق چووەتە ریزبەندیی پێنجەم وڵاتی جیهان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا مانگی ئازاری ساڵی 2022، زیاتر لە 33 هەزار خێزان بەهۆی هۆکارەکانی کەشوهەوا لە دە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ئاوارە بوون، ئەمەش بەهۆی “کەمی ئاو، بەرزیی پلەکانی گەرما، خراپی کوالیتیی ئاو”.