شرۆڤەكارێكی سیاسی لە وەڵامی وتەیەكی سەرۆك وەزیرانی راسپاردەدا دەربارەی خۆ بە خاوەننەكردنی كوردستان دەڵێت، تاكڕەوی و دروستكردنی حكومەت و حزبی سێبەر جگە لە خۆ بەخاوەنكردنی كوردستان چی دیكەیە؟
شرۆڤەكارێكی سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانی حكومەتی راسپاردە تاكڕەویی لە حكومەت و حزبدا هێناوەتە ئاراوە، هەموو دەسەڵاتەكانی لە خۆیدا كۆكردووەتەوە و حكومەت و حزبی سێبەری دروستكردووە، داوادەكات هیچ حزبێت بەتەنها خۆی بە خاوەنی كوردستان نەزانێت.
دەشپرسێت، “تاكڕەوی و خۆسەپاندن جگە لە خۆ خاوەنكردنە كوردستان و ئەزموونەكەی چی دیكەیە؟”.
ئەو شرۆڤەكارە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت، ئەوەشی وت، “مەسرور بارزانی دەڵێت، نابێت سۆشیال میدیا بۆ ئازاردانی کەسانی دیکە بەکاربهێندرێت، لە کاتێکدا لەم کابینەیەدا زۆرترین کەس لەسەر ئازادیی رادەربڕین و نوسراو، بابەت و تەنانەت پارچە میوزیك دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، دەزگای پاراستن كە لەژێر سەرپەرشتی و فەرمانی سەرۆك وەزیراندایە سوپایەكی سۆشیال میدیای هەیە و لە کارکردنیاندا هیچ بەها و رێکارێک پەیڕەوناکەن و رۆژانە کار لەسەر تیرۆری کەسایەتی دەکەن.
ئەو شرۆڤەكارە دووپاتیشیكردەوە، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی راسپاردە ئەمڕۆ بە خەڵكی وت، (دامەزراندن نییە، پارەبدەن تا كارەباتان بدەینێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی هەرێمیش بپارێزن)، ئەو بە روونی بە خەڵك دەڵێت، خێروبێری وڵات بۆ ئێمە و تاڵییەكانی و پاراستنیشی لەسەر ئێوەیە.
دەپرسێت، ئەم حكومەتە بە چ دەسەڵات و فەرمانڕەوایەكی ئێستا و رابردوو بەراورد بكەین؟، تا هەمووان تێبگەن ئێمە لە سایەیاندا لە چ دۆخ و ژیانێكداین.