بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بانێکی هەشت کەسییان دەستگیرکردووە کە ژنیشیان تێدابووە و تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە 13/1/2023 تەرمێکیان دۆزیوەتەوە کە لە دەرەوەی شار فڕێدراوە و هیچ کامێرایەکی چاودێریی لێنەبووە و هیچ کەسێک سکاڵای نەبووە و هیچ ناسنامەیەکیشی دیارنەبووە، هیچ کەسێکیش رووداوەکەی نەدیووە کە بۆمان باسبکات.
ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی نادیاریی سەرجەم سەرچاوەکانەوە دۆزینەوەی بکەرانی ئەم تاوانە ئاسان نەبووە، ماوەی دوو مانگە هۆبەی کوشتنی سەر بە پۆلیسی سلێمانی بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە دەکەن، لە ئەنجامدا گومانمان لە گروپێک کرد لە شاری سلێمانی کە چەند کەسێکن و لە یەکێک لە سیتییەکاندا پێکەوە لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەمێننەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی وتی، “لە چوار رۆژی رابردوودا چوار کەسمان لەو گروپە دەستگیرکرد، لەو ماوەیەدا رێگەمان نەدا بە کوژاندنەوەی مۆبایلەکانیان بۆئەوەی بتوانین سەرجەمیان دەستگیربکەین چونکە یەکێکیان هەڵاتبوو بەرەو بەغداد، یەکێکی دیکەیان چووبووە شاری کەرکوک”.
راشیگەیاند، ئەو گرووپە چواریان ژن بوون و دووانیان پیاو بوون.
سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستگیرکردنی ئەو دوو هەڵاتووە وتی، “لەرێگەی تەلەفۆنەکانەوە بە پلانی جۆراوجۆر هەوڵی دەستگیرکردنیانمان دا، تەنانەت لە رێگەی کچی یەکێک لەو تۆمەتبارانەوە هەوڵماندا بیگەڕێنینەوە سلێمانی و دەستگیریان بکەین بەڵام بە کچەکەی وت، “نایەمەوە”، بۆیە سودی نەبوو”.
باسی لەوە کرد، لە رێگەی پەیوەندی کردن بە پۆلیسی کەرکوک و هۆبەی تاوانی کەرکوک تیمێکی هۆبەی کوشتنی پۆلیسی سلێمانی چوونەتە کەرکوک، لە کاتێکدا ئەو تۆمەتبارە ویستبووی بچێتە دەرەوەی وڵات بەڵام هێزەکانی بەشی کوشتنی پۆلیسی سلێمانی توانییان دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵاتووەکەی بەغداد لەگەڵ پۆلیسی بەغداد هەماهەنگیمان کرد و دوای دوو رۆژ چاودێری توانرا دەستگیربکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی.
ئێستا سەرجەم تۆمەتبارەکان لە سلێمانی دەستگیرکراون و دانیانناوە بە تاوانەکەیاندا.