سیستمی یەك پەنجەرە لە سلێمانی كەوتەكار

جێگری سەرۆک وەزیران كاركردن بە سیستمی یەکپەنجەرە لە چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی رادەگەیەنێت.

بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا سیستمی یەک پەنجەرەی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگاکانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی، كەوتەكار.

یەکپەنجەرە بەشێکە لە پرۆگرامی خزمەت کە بریتییە لە باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان. هاوڵاتی خزمەتخواز بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین رۆتین دەتوانێت مامەڵەکانی ئەنجامبدات، هەروەها رێگری دەکات لە گەندەڵی.

قوباد تاڵەبانی لەکاتی بەسەرکردنەوەی پارێزگای سلێمانی کە یەکێکە لەو پێنج دامودەزگایەی لە ئەمڕۆوە سیستەمی یەکپەنجەرەی تێدا پەیڕەودەکرێت وتی، “خۆشحاڵم بە سەرپێخستنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە بەشێکە لە ئەرکی سەرشانی ئێمە بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان”.

ئاماژەی بەوەشدا، لە داهاتوودا جگە لەو پێنج فەرمانگەیە، دەبێت فەرمانگەکانی تریش لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان یەکپەنجەرە پەیڕەو بکەن.

لەڕێگای ئەم سیستەمەوە خزمەتخواز لە یەکپەنجەرەوە مامەڵەکەی پێشکەش دەکات و دەرئەمجامەکەشی وەردەگرێتەوە، فەرمانبەر هەموو مامەڵەکە جێبەجێ دەکات و پێویست ناکات خزمەتخواز چەند ژوورێک بکات، بەئەمەش رۆتین کەمدەبێتەوە و بەر بە گەندەڵی دەگیرێت و ئامادەکاری و ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتەکان بەشێوازی ئەلکترۆنی لەداهاتوودا.

ئەو شوێنانەی لە ئەمڕۆوە بە سیستەمی یەکپەنجەرە کاردەکەن بریتین لە، پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی باجی دەرامەت، بەڕێوەبەرایەتیی دەستبەری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وونبوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی باجی کۆمپانیاکان.

بابەتی پێشتر

ملیۆنان عێراقی بێکارن.. سیاسەتی وڵات گەشەسەندنی پەکخستووە

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی باندێکی کوشتنی دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share