لە دەروازەی “ئیبراهیم خەلیل” بڕیارێكی حكومی پێشێلكراوە و پارەی زیادە لە هاوڵاتییان و بازرگانان وەردەگیرێت.
پارەی گومرگی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و كاڵا و شمەك لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە دۆلار ئەژماردەكرێت، بەڵام بە دینار وەردەگیرێت و لە باتی هەژماركردنی 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار وەك ئەوەی بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریانداوە، لەو دەروازە سنوورییە لە بەرامبەر هەر 100 دۆلارییەكدا 158 هەزار دینار وەدەگیرێت.
سەرچاوەیەك لە زاخۆ بە ئێستای راگەیاند، تا ئێستا بڕیاری حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی بۆ هەژماركردنی دۆلار بە 1300 دینار جێبەجێنەكراوە و بە نرخی رۆژ مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران و بازرگاناندا دەكرێت و بەهای دۆلار بە چەند بێت، ئەوەندە وەردەگیرێت.
هاوكات یەكێك لە بازرگانەكان كە خاوەنی كۆمپانیای هاوردەكردن و بازرگانیی ئۆتۆمبێلە و نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەهۆی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی رۆژ لە بازرگانان و گەشتیاران و هاوڵاتییان، زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە”.
ئەو بازرگانە روونیكردەوە، ئەگەر گومرگی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلێك چوار هەزار دۆلار بێت، ئەوا بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی دەبێت پێنج ملیۆن و 200 هەزار دینار باج وەربگیرێت، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە بەرامبەر ئەو بڕە دۆلارەدا نزیكەی شەش ملیۆن و 300 هەزار دینار وەردەگیرێت، لە كاتێكدا هەندێك جۆری ئۆتۆمبێل 30 هەزار دۆلار گومرگیان خراوەتەسەر و بە هەژماركردنی دۆلار بە نرخی رۆژ، ئەوا لەبری 39 ملیۆن دینار، زیاتر لە 47 ملیۆن دینار لە هاوردەكار وەردەگیرێت.
تۆڕی میدیایی ئێستا بەدواداچوونی بۆ هەمان پرس لە هەردوو دەروازەی سنووریی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران كرد، زانیارییەكان دەریانخست لەو دوو دەروازەیە و دەروازەكانی دیكەش جگە لە ئیبراهیم خەلیل، دۆلار بە 1300 دینار ئەژماردەكرێت.