‘شەڕی ناوخۆ لە عێراق هەڵدەگیرسێت’

جۆ بایدن

گۆڤاری “فۆرین پۆڵەسی”ی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆخی عێراق-ەوە بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، “یەكەم كار كە جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە 20ی مانگی كانونی دووەمی داهاتوودا ڕوبەڕوی ببێتەوە، ئەو “قەیرانە ئابورییە دژوارە”ی عێراقە كە ڕوبەڕوی وڵاتەكە بووەتەوە.”

گۆڤارەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، “عێراق بەرەو داڕوخانی دارایی دەچێت، لەم دۆخە فشەڵەشیدا، ڕەنگە سیستمە سیاسییە وێرانبووەكەی دابڕووخێت و سەرئەنجامی ئەوەش شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێت.”

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە ساڵی 2004ەوە ژمارەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لە عێراق سێ هێندە زیادیكردووە و ئەو موچانەی حكومەت دەیاندات بە ڕێژەی 400% بەرزبووەتەوە، دەرئەنجام حكومەت مانگانە پێویستی بە پێنج ملیار دۆلارە بۆ دابەشكردنی موچە، دوو ملیار دۆلاری تریشی پێویستە بۆ خزمەتگوزاری بنەڕەتی و تێچووی بەگەڕخستن.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتدا كە نزیكەی لەسەدا 90ی داهاتی عێراق پێكدەهێنێت، داهاتی مانگانە 2.5 بۆ 3.5 ملیار دۆلار پاشەكشەی كردووە، ئەمەش وادەكات عێراق مانگانە 3.5 بۆ 4.5 ملیار دۆلار كورتهێنانی هەبێت.

بەهۆی هەموو ئەوانەشەوە، یەدەگی نەختینەیی قورسی عێراق بەرەو تەواوبوون دەچێت و لە هاوینی داهاتوودا بەڕادەیەكی مەترسیدار كەمدەبێتەوە، ئەوكات وەك گۆڤارەكە دەڵێت، “حكومەت دووچاری گرفتی گەورە دەبێتەوە و ناتوانێت موچە بدات.”

“فۆرین پۆڵەسی” لە شیكارییەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە نیمچە دڵنیاییەك هەیە بەوەی قەیرانی دارایی عێراق، ببێتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شەقامەكاندا و عێراقییەكان جارێكی تر داوای گۆڕینی حكومەت بكەن، بۆیە ئەستەم دەبێت حكومەت بەبێ ئەوەی موچە بدات، بتوانێت پارێزگاری لە سیستم بكات.

شەڕی ناوخۆ

ئەو گۆڤارە ئەمریكییە لە ڕاپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات لەكاتی گەیشتنی عێراق بەو دۆخە، گرووپە چەكدارەكان بۆشاییەكە پڕدەكەنەوە و رۆڵی هێزە ئەمنییەكان قۆرخ دەكەن، ئەوەش دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوانیاندا و هەوڵدەدەن دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتی وەك كێڵگەكانی نەوت و بەندەر و دەروازە سنوورییەكان و كۆمپانیا گەورەكان و زەوییە كشتوكاڵییەكان و موڵكی تایبەتدا بگرن، سەرئەنجام گەڕێكی تری شەڕێ ناوخۆ سەرهەڵدەدات.

“فۆرین پۆڵەسی” دوورتر لەوە ڕۆیشتووە و جەختدەكاتەوە كە لە وەها حاڵەتێكدا، وڵاتانی دەوروبەری عێراق وەك توركیا و ئێران و سعودیە دەستوەردەدەنە دۆخەكە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن، بەوەش دۆخەكە زیاتر دەشێوێت و دووبارە ململانێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتەكایەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەمریكا دەبێت.

گۆڤارەكە جەختدەكاتەوە كە لە شەش مانگی یەكەمی سەرۆكایەتیی جۆ بایدن-دا، بەهۆی كۆرۆنا و قەیرانی ئابوریی ناوخۆی ئەمریكا-وە، بایدن ناتوانێت كێشەكانی عێراق بخاتە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی. پێشیوایە قەیرانی عێراق نەبوونی پارەیە و بۆ ئەوەی ڕژێمی دارایی عێراق هەرەسنەهێنێت، پێویستە ئەمریكا بڕی یەك ملیار دۆلاری پێبدات و لەگەڵ وڵاتانی تریشدا 5 بۆ 10 ملیار دۆلار بۆ عێراق كۆبكەنەوە، بەڵام تەنانەت گەر پارەكە بگاتە 10 ملیار دۆلاریش ئەوا تەنها بەشی سێ مانگ دەكات و لەوە زیاتر فریای عێراق ناكەوێت.

“فۆرین پۆڵەسی” تاكە ڕێگەچارەی بەردەم عێراق لە سێ خاڵدا كۆدەكاتەوە و دەڵێت، “پێویستە بەخشینی پارە بە عێراق بە مەرجی قورس بێت، وەك پەیڕەوكردنی سیاسەتی سكهەڵگووشین بە مەبەستی پاشەكەوتكردن و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.

ئەمریكا عێراق بەرەو مەرگی ئابوری دەبات

پێشتر سەركردەیەكی حزبێكی عێراقی ڕایگەیاندبوو، “هەرچەندە ئەمریكا عێراق بەرەو مەرگی ئابوری دەبات، كەچی حكومەت خۆی خزاندووەتەوە باوەشی واشنتنەوە.”

ئەبو میساق مەساری، سەركردە لە بەدر دوێنێ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم وتی، “ئەو وڵاتانەی لە بەرەی ئەمریكادان نایانەوێت ئابوریی عێراق هەستێتەوە، ئەوەش هەڵەیەكی گەورە بوو كە پرۆژەی بەندەری فاو درا بە كۆمپانیایەكی كۆری، لەكاتێكدا ئەو وڵاتەش لە بەرەی ئەمریكادایە”.

مەساری ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەمریكا عێراقی بەرەو مەرگی ئابوری پەلكێش كردووە، هەر پرۆژەیەكیش لە عێراق لەلایەن وڵاتێكی بەرەی ئەمریكاوە جێبەجێ بكرێت واتای مردنی ئەو پرۆژەیەیە”.

ئەو سەركردەیەی بەدر، كە سەر بە هادی عامری-یە ئەوەشی وتووە، “سەرباری وێرانبوونی ئابوریی عێراق ئەوەی وڵاتەكەی ئەوەندەی تر لاواز كردووە، ئەوەیە كە حكومەت خۆی خزاندووەتە باوەشی ئەمریكاوە”.

بابەتی پێشتر

پێنج هەڵەی دارایی كە لە ئایندەدا لێی پەشیمان دەبیتەوە

بابەتی دواتر

پێكهێنانی حكومەتی لوبنان لەبەردەم ڕێگایەكی داخراودایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری نەوتی عێراق: لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و دەشڵێت، “لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت رێككەوتن…
Total
0
Share