کچێک بە نهێنی گورچیلەی خۆی بە باوکی دەبەخشێت

کچێکی ئەمریکی گورچیلەیەکی خۆی دەبەخشێتە باوکە تەمەن 60  ساڵانەکەی و تا دوای کۆتاییهاتنی نەشتەرگەرییەکەی و جێگیربوونی دۆخی تەندروستی رێگە نادات پێی بزانێت.

دیلاین ئیڤانۆفسکی تەمەن 25 ساڵ لە ناکاو خۆی دەکات بەو ژوورەی نەخۆشخانەدا کە باوکی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە بۆی تێیدا پشوو دەدات، باوکی شۆک دەبێت کاتێک کچەکەی بە جلی نەخۆشخانەوە دەبینێت و لەو کاتەدا بۆی دەردەکەوێت بەخشەری ئەو گورچیلەیەی بۆی چێندراوە کچەکەیەتی.

جۆن ئیڤانۆفسکی تەمەن 60 ساڵان، ساڵێک لەمەو بەر تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بوو و بۆ چەند جارێک خرایە ژێر ئامێری گورچیلەی دەستکرد، دواتریش پزیشکەکان پێیان راگەیاند کە پێویستە گورچیلەیەکی بۆ بچێندرێت.

لە دوای بڕیاری پزیشکەکان دیلاین بە باوکی رادەگەیەنێت کە گورچیلەی خۆی پێدەبەخشێت، بەڵام بەهۆی ترسی لە ئەنجامەکەی رەتیکردەوە ئەوە قبوڵ بکات، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی لە ژیانیدا ئەو کچەی هەیە و پێش 15 ساڵ کچێکی دیکەی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لەدەستدا.

دیلاین گوێ بە قسەکانی باوکی نادات و بڕیار دەدات بە نهێنی نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدات، لەو بارەیەوە رایگەیاند، “من دەمزانی باوکم ئەمە بزانێت چەند توڕە دەبێت، بەڵام ئەمە بەلای منەوە گرنگ نەبوو، ئەوەی گرنگە باوکم تەندروستییەکی باشی هەبێت”.

لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە سەختە، دیلاین بڕیار دەدات تێچووی نەشتەرگەرییەکە لە رێی هاوکارییەوە کۆبکاتەوە کە بڕەکەی 10 هەزار دۆلار بوو.

بە وتەی دیلاین، باوکی لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا سەختیی زۆری بەدەستییەوە بینیوە، هەر بۆیە بڕیاریداوە لەو کاتە سەختەی تێیکەوتووە لە پشتی بێت و فەرامۆشی نەکات.

 

بابەتی پێشتر

نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیی عێراقی خرایەڕوو

بابەتی دواتر

چوار خوێندکار 20 مسقاڵ زێڕ دەدۆزنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share