سوپای توركیا لە گوندەكانی سنووری برادۆست چاودێرییەكانی زیادكردووە و گوندنشینێكی ناوچەكەش دەڵێت، رۆژانە تەقەی هەڕەمەكی لە دانیشتووان دەكات.
هێزەكانی سوپای توركیا سەرەڕای بڵاوەكردنیان لە سنووری برادۆست، لەئێستادا لەڕێی دانانی كامێراوە چاودێرییەكانیان لە سنوورەكە زیادكردووە.
دانیشتوویەكی ناوچەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە نزیك گوندی خەلیفان هێزەكانی سوپای توركیا كامێرای چاودێرییان لە درەختە بەرزەكان بەستووە.
وتیشی، “لەڕێی ئەو كامێرایانەوە شەو و رۆژ چاودێریی دانیشتووانی گوندەكان دەكەن”.
سەرەڕای چاودێریكردنی گوند و ئاواییەكانی دامێنی چیای دێڵ، سەربازانی سوپای توركیا رۆژانە تەقەی هەڕەمەكی لە گوندەكان دەكات و زیانی گیانی و ماددی بە گوندنشینان دەگەیەنێت، وەك ئەوەی ئەو گوندنشینە ئاماژەی پێدا.
ئەمەش لەكاتێكدایە ناوبەناو لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە و بەهاوەن ناوچەكە بۆردومان دەكرێت و تائێستا چەندین جار زیانی گیانی لەنێو گوندنشیناندا لێكەوتووەتەوە.
برادۆست سەر بە پارێزگای هەولێرە و مەڵبەندەكەی سیدەكان-ە.