پزیشكێك لە دهۆك: پاراستن و دوو فەرماندەی پارتی مانگانە سەرانەم لێوەردەگرن

پزیشكێكی پسپۆڕ له‌ دهۆك رایدەگەیەنێت، پاراستنى پارتى و دوو فه‌رمانده‌ى سه‌ر به‌و حزبە له‌ ساڵى 2018ه‌وه‌ مانگانه‌ 260 هه‌زار دۆلار سه‌رانه‌يان له‌ خێزانه‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌ و ده‌شڵێت، “به‌ده‌ستى خۆم 200 هه‌زار دۆلار سه‌رانه‌م داوه‌ته‌ به‌ده‌ل به‌ندى”.

د. نه‌وزاد ساڵح، پزیشكێكى شارى دهۆكه‌ و یه‌كه‌مین پزیشكه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق كه‌ بۆردى له‌ چاندنى جگه‌ردا هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ ڤیدۆیه‌كى بڵاوبووه‌وه‌ و تیایدا باسى ئه‌وه‌ ده‌كات فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ر به‌ پارتى لێیداوه‌، كه‌ هاناشى بۆ پۆلیس بردووه‌ دادوه‌رى ئێشكگر پێیوتووه‌، “بڕۆن كێشه‌كه‌ لەنێوان خۆتاندا چاره‌سه‌ربكه‌ن”.

د. نه‌وزاد ساڵح، كه‌ به‌ د. نه‌وزاد سلێڤانه‌یی ناسراوه‌، له‌ ڤیدیۆكه‌دا كه‌ تێیدا به‌ پانتۆڵێكى دڕاوه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و به‌گریانه‌وه‌ له‌باره‌ى چیرۆكه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، “كوڕه‌كه‌ى به‌ده‌ل به‌ندى، فه‌رمانده‌ى سه‌ربازیی سه‌ر به‌ پارتى له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانى چوونه‌ته‌ سه‌ر ژمێریارى مۆلیده‌كانمان كه‌ كاره‌باى ماڵان دابینده‌كه‌ن، پێیان وتووه‌ (ده‌بێت پاره‌مان پێبده‌یت)، منیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مانگانه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ چووم بۆ بنكه‌ى پۆلیسى دۆمێز له‌نێو بنكه‌ى سه‌ربازیی دۆمیز، له‌وێ پۆلیسه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ دادوه‌رى ئێشكگره‌وه‌ كرد، دادوه‌ره‌كه‌ وتى، (پێیبڵێن من سه‌رقاڵم و كاتم نییه‌ با خۆیان كێشه‌كه‌ له‌نێوان خۆیاندا چاره‌سه‌ربكه‌ن)”.

ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، “كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى كوڕه‌كه‌ى به‌ده‌ل به‌ندى لێبوو پێم وتن، بۆچى وا له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن؟ كوڕه‌كه‌ى و 15 كه‌سى تر منیان كرده‌ ژوورێكه‌وه‌ و لێیاندام به‌دڵى خۆیان و ڤیدیۆشیان كردم. دواتر به‌ده‌ل به‌ندى خۆشى هات، كامێراكه‌یان كرده‌وه‌ و به‌ده‌ل به‌ندى وه‌ك نمایش له‌ كوڕه‌كه‌ى توڕه‌ بوو، دواتر من هه‌ر له‌وكاته‌دا وتم: خاڵه‌ به‌ده‌ل تۆ 20 ده‌فته‌ر دۆلارت له‌ من وه‌رنه‌گرت؟ مانگى داهاتووش پاره‌ت پێده‌ده‌م، كه‌ وام وت: خۆشى كه‌وته‌ لێدانم، ئه‌وه‌نده‌ى لێدام جله‌كانم له‌به‌ردا دڕان و وتیشى به‌وانه‌ى تر: ئاده‌ى ڤیدیۆى بكه‌ن”.

ئه‌و پزیشكه‌ى دهۆك به‌ چاوى پڕگریانه‌وه‌ له‌باره‌ى ریشه‌ى چیرۆكه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، “براكه‌م كه‌ ناوى ئازاده‌ له‌ ساڵى 2018ه‌وه‌ هه‌موو مانگێك 260 هه‌زار دۆلارى داوه‌ته‌ پاراستنى پارتى و دوو فه‌رمانده‌ى سه‌ر به‌ پارتى دیموكراتى كوردستان. ئێمه‌ سه‌ره‌تا وامانده‌زانى قومار ده‌كات، به‌ڵام من خۆم به‌دواداچوونم كرد و بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ى كه‌ دیارنامێنێت به‌ سه‌رانه‌ و له‌ژێر فشاردا ده‌یداته‌ ئه‌وان. واته‌ له‌و ساڵه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا 10 ملیۆن دۆلار زیاترمان داوه‌ته‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌”.

به‌ وته‌ى د. نه‌وزاد ساڵح، به‌ده‌ستى خۆى ئوتێلێكى خێزانه‌كه‌ى به‌ سێ ملیۆن دۆلار فرۆشتووه‌ و به‌شێكى زۆرى پاره‌كه‌ى دراوه‌ به‌ سه‌رانه‌دا و هه‌ر خۆى 200 هه‌زار دۆلارى داوه‌ته‌ به‌ده‌ل به‌ندى.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ ئایا كه‌سیان له‌و كێشه‌یه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ ئه‌و پزیشكه‌ ئاشكرایده‌كات، “چوونه‌ته‌ لاى بابۆ بارزانى (كوڕى بچوكى مه‌سعود بارزانى) سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌ى سه‌رانه‌ وه‌رگرتنه‌كه‌یان داوەته‌ نوسینگه‌ى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى و نوسینگه‌ى مه‌سرور بارزانى-ش به‌ته‌واوه‌تى له‌ چیرۆكه‌كه‌ ئاگادارن، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌نه‌بووه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت”.

له‌ به‌شێكى ترى ڤیدیۆكه‌دا د. نه‌وزاد ساڵح په‌شیمانى خۆى ده‌رده‌بڕێت له‌ خزمه‌تكردنى كوردستان و ده‌شڵێت، “من چه‌ندین ساڵ خوێندم بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رى میلله‌ته‌كه‌م به‌رزبكه‌مه‌وه‌، له‌ ئیمارات هه‌موو مانگێك مووچه‌ى حەوت هه‌زار دۆلاریان پێدام نه‌چووم و گه‌ڕامه‌وه‌ دهۆك بۆ خزمه‌تكردن، كات هه‌بووه‌ 30 كاتژمێر له‌ناو ژوورى نه‌شته‌رگه‌ریدا ماومه‌ته‌وه‌ و به‌ خۆڕایی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌م كردووه‌، كه‌چى ئێستا به‌ده‌ل به‌ندى هه‌ڵده‌كوتێته‌سه‌ر من و ده‌ڵێت: (ناچارى مانگانه‌ 10 هه‌زار دۆلار په‌یدا بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى ئێمه‌ بده‌یت)”.

ئه‌و پزیشكه‌ كورده‌ له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌شده‌كاته‌وه‌، “ده‌یه‌وێت وڵات به‌جێبهێڵت و خۆزگه‌ ده‌خوازێت كه‌ له‌ ئاماده‌یی وازى له‌ خوێندن بهێنابایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌كێك بكردایه‌تى شانى، نه‌وه‌ك چه‌ندین ساڵ ئه‌ركبكێشێت و له‌ كۆتایشدا چه‌ك له‌شانێك به‌ناوى پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ سه‌رانه‌ى لێوه‌ربگرێت”.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی: هاوڵاتیی عێراقی دەتوانێت لەهەر جێیەك موڵكی هەبێت

بابەتی دواتر

منداڵێك بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ لە دهۆك گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دۆلار زیاتر دابەزی

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕی…
Total
0
Share