سەرچاوەیەك لە لقی ١٢ پارتی لە هەڵەبجە ئاشكراشیكرد، هەر كادرێكی پارتی پابەند نەبێت بە بڕیاری حزبەوە راستەوخۆ بەبێ لێپرسینەوە لە ریزەكانی حزب دەردەكرێت.
هاوشێوەی ئەو نیگەرانییانەی كە لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەی 14ی دروستبوو، لە ئێستادا جارێكی دیكە گۆڕانكاری لە بەرپرسی لقەكانی پارتی لە سلێمانی هەڵەبجە دروستبووە و بەرپرسانی ئەو حزبەش هەڕەشەیان لە كادر و بەرپرسی ناوچەكان كردووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت قسە بۆ راگەیاندنەكان بكەن.
لە دوای ئەنجامدانی گۆڕانكارییە حزبییەكان لە سنووری لقەكانی چوار و 12ی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، چەند كارگێر لق و بەرپرسی ناوچەیەك نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەو گۆڕانكارییانە، تەنانەت هەندێك بەرپرسی لق هەر لەسەرەتای گۆڕانكارییەكانەوە ناڕازی بوون بە دانانی (عەلی حوسێن) وەك بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گۆڕانكارییەكان بە فەرمانی راستەوخۆی (مەسعود بارزانی) كراون كەس نەیتوانیووە بە ئاشكرا نیگەرانییەكانیان دەرببرێت.
لە زانیارییەكاندا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، نیگەرانییەكانی بەرپرسان و كارگێڕی لقەكان لە سنووری لقی 12 گەیشتووەتە ئاستێك كە لەدوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە نێوان ( بەسام عەلی) بەرپرسی پێشووی لقی 12 و ( دلێر حەمە كەریم) بەرپرسی نوێی لق، ژمارەیەك لە كارگێڕانی لق و هەروەها بەرپرسی ناوچەكانی ( خورماڵ، پێنجوێن، سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور) نامەیەكی ناڕەزایەتییان ئاراستەی عەلی حوسێن كردووە و نیگەرانی خۆیان بە دیاریكردنی (دلێر حەمە كەریم) دەربڕیوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەڵەبجە و سلێمانی ئەوەیان پێراگەیەندراوە كە ئەو گۆڕانكارییانە لەدەستەڵاتی مندا نییە و تەنها فەرمانی “سەرۆك بارزانی” جێبەجێدەكەم.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان لەدوای زیادبوونی نیگەرانییەكان لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی لە ئاستی مەكتەبی سیاسی ئەو بەرپرسی ناوچە و كارگێر لقانە ئاگاداركراونەتەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك قسە بۆ راگەیاندنەكان بكەن و باس لە نیگەرانی بكەن وەك ئەوەی لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەی 14روویدا، بە پێچەوانەوە هەر كادرێكی پارتی پابەند نەبێت ڕاستەوخۆ بەبێ لێپرسینەوە لە ریزەكانی ئەو حزبە دەردەكرێت.
لە ئێستاشدا بەرپرسانی ئەو حزبەش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئامادەنین لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.