سەرۆكی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد دەنگۆی شكستهێنانی گفتوگۆكان لەگەڵ كاربەدەستانی بەغداد ڕەتدەكاتەوە و دەشڵێت، گفتوگۆكان بەردەوام دەبن تا دەگەینە ئەنجام.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم وتی، “داوا لە هەموو لایەک دەکەین سەبریان هەبێت، ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی هەرێمی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دڵنیام دەگەینە ئەنجامێکی سەرکەوتوو”.
قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان دەنگۆی شكستهێنانی گفتوگۆكانیشی ڕەتكردەوە و وتی، گفتوگۆكانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو بگەنە ئەنجامێک.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەین داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان ڕادەست بكەین.
جێگری سەرۆكوەزیران ئاشكراشیكرد، بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە فشار لەسەر لایەنەكان زۆرن، ئەمەش ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆكاندا دروستدەكەن.
چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، لەو ڕۆژەوە شاندەكە چەندین كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ لایەنە حكومی و سیاسییەكانی عێراق ئەنجامداوە.
دوایین كۆبوونەوەی شاندەكە ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا بوو.
دەربارەی كۆبوونەوەكە نوسینگەی مالیكی بڵاویكردەوە، مالیكی جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و جێبەجێكردنی بنەماكانی دەستوور و فەراهەمكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق لە سەرجەم ناوچەكان، هەروەك هاوپشتی خۆی بۆ “ئەو داخوازییانەی گەلی كورد دەربری كە گونجاوە لەگەڵ چوارچێوەكانی یاسا و دەستووردا”.