ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئاماژەی بەوەکردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکانی دەریدەخەن کە شی جینگ پینگ سەرۆکی چین فەرمانی بە هێزەکانی وڵاتەکەی کردووە تا ساڵی 2027 “ئامادە بن” بۆ داگیرکردنی تایوان، بەڵام لە ئێستادا گومانی لە تواناکانیان هەیە.
ویلیام بێرنز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی “سی بی ئێس”ی ئەمریکی، کە شەوی یەکشەممە پەخشکرا، رایگەیاند، هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە سەرۆک شی فەرمانی ئامادەکارییەکانی بۆ داگیرکردنی تایوان داوە، هەرچەندە گومانی هەیە لە توانای هێزەکانی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پێویستە “زۆر بە جددی” فراوانخوازیی سەرۆکی چین وەربگرێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا تایوان کۆنترۆڵ بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانین وەک ئەوەی ئاشکرا بووە، سەرۆک شی رێنمایی فەرماندەیی سوپای چینی کردووە تا ساڵی 2027 ئامادەبێت بۆ داگیرکردنی تایوان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ساڵی 2027 یان هەر ساڵێکی دیکە بڕیاری داگیرکردنی داوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، پێموایە کە سەرۆک شی و سەرکردایەتییە سەربازییەکەی گومانیان هەیە لە توانای خۆیان بۆ تەواوکردنی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر تایوان.
بە وتەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، سەرچاوەی ئەو گومانانە ئەزمونی روسیایە لە شەڕی ئۆکرانیا و ناوبراو وتی، ئەزموونی ڤلادیمێر پوتین لە ئۆکرانیا ئەو گومانانەی بەهێزتر کردووە لای چین.
دۆسیەی دوورگەی تایوان یەکێک بوو لەو دۆسییە دیارانەی کە گرژیی نێوان پەکین و واشنتۆنی هەڵگیرساند.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو دوورگەیە لە هەوڵێکدا بۆ نیشاندانی پشتیوانیی واشنتۆن بۆی.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی بەرگری لە تایوان دەکەن لە ئەگەری لەشکرکێشیی چینی.