چوار منداڵ بەهۆی نقومبوونی بەلەمێكی كۆچبەران لەنزیك یۆنان گیانیان لەدەستدا

كۆچبەران كەشتییەكی یۆنانی جێدەهێڵن پاش ڕزگاركردنیان فۆتۆ: ڕۆیتەرز

چوار منداڵی خێزانە كۆچبەرەكان نوقمی ئاو بوون لەكاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە توركیاوە بەرەو یۆنان، دوای ئەوەی شەپۆلی ئاو بەلەمەكەیانی داپۆشی كە 27 كەسی دەگواستنەوە.

نوتیس میتاراكیس، وەزیری كۆچی یۆنان ڕایگەیاند، تەمەنی منداڵەكان لەنێوان 3 بۆ 14 ساڵاندایە، 22ی كۆچبەری دیكە ڕزگاركراون و باوەڕوایە كەسێكی دیكە شوێنبزر بووبێت، بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەكانیان ئاشكرابكات.

وەزیری كۆچ لە تویتێكدا نیگەرانی خۆیشی نیشانداوە و دەڵێت، “ئەمە ڕاستیی قۆرغكردنی كۆچبەرانە لەلایەن باندە تاوانكارییەكانەوە لە ئیجە”.

پاشماوەی بەلەمەكە لە نزیك دورگەی چیۆس-ی یۆنانی بینرا، دوای ئەوەی دوو فڕۆكە و 10 بەلەم بەشدارییان لە پرۆسەی ڕزگاركردنەكەدا كرد.

یۆنان یەكێكە لە ڕێگا سەرەكییەكانی گەیشتن بە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە لەلایەن كۆچبەرانەوە لە توركیاوە بە بەلەمی بچوك و لاستیكی و پڕنەفەرەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، ئەمەش بەردەوام كارەساتی جۆراوجۆری بەدواوەیە.

ساڵی 2015 نزیكەی یەك ملیۆن كەس كە زۆرینەیان سوری بوون، گەیشتنە وڵاتانی ئەوروپا پاش تێپەڕبوون بە توركیا و یۆنان و وڵاتانی ناوچەكەدا، كە بە گەورەترین شەپۆلی كۆچ لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا دادەنرێت.

بابەتی پێشتر

كۆلاسیۆم.. ئەو قەڵایەی سەدەی یەكەمی زاینی بونیادنراوە

بابەتی دواتر

گەورە تۆمەتبارێك كە 20 ساڵە لە ڕوسیا داواكراوە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share