شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبووەوە و تیایدا گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و بارودۆخی ناوچەكە تاوتوێكرا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم بە سەرۆكایەتی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی مالیكی لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و ناوچەكە تاوتوێكرا، سەرەڕای پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم.
مالیكی جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و جێبەجێكردنی بنەماكانی دەستوور و فەراهەمكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق لە سەرجەم ناوچەكان، هەروەك هاوپشتی خۆی بۆ “ئەو داخوازییانەی گەلی كورد دەربری كە گونجاوە لەگەڵ چوارچێوەكانی یاسا و دەستووردا”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
ڕوونیشیكردوەتەوە، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای لە هێزە سیاسییەكان كردووە هەوڵ و گفتوگۆكانیان چڕبكەنەوە لەپێناو ڕێككەوتن لەسەر دەرچوواندنی یاسای دابەشكردنی سامانە سروشتییەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
دوێنێ شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لە بەغداد كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوت بە بەشداری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق (سۆمۆ) ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی دواتر ناوەرۆك و ئەنجامەكەی ئاشكرابكرێت.
بەر لە كۆبوونەوەكە سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتی، لە كۆبوونەوەكەدا بڕی نەوتی هەناردەكراو لە هەرێمی كوردستانەوە و كۆی داهاتە نانەوتییەكان دیاریدەكرێت و دواتر پشكی هەرێم وەك ئەوەی لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی هەیە یەكلادەكرێتەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، لەو ڕۆژەوە شاندەكە چەندین كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ لایەنە حكومی و سیاسییەكانی عێراق ئەنجامداوە.