پارێزگاری سلێمانی پەیامێك بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانی دەخاتەڕوو

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەكر رایدەگەیەنێت، هۆكاری سەرەكی بێدەوڵەتی، نەهامەتی و ناكۆكییەكانمان قبوڵكردنی ئەوانی دیكەیە جگە لە خۆمان، داواش لە لایەنەكان دەكات بەر لە نەورۆز بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا “بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانی” كە ئاراستەی سەرجەم كورد و كوردستاننشینانی كردووە رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی بێسەری و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتی و تەواوی نەهامەتی و کەوتن و شکست و پاشەکشە و لەتبونمان؛ ناکۆکییە ناڕەواکانمانن، قبوڵکردنی هەموو ئەوانی دیكەیە بە دوژمنەکانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان.

دەشڵێت، “مێژوومان ئەزموون نەکردووە و هەزار گلان نەیکردووین بە سوار، نە سوودمان لە شکستەکانمان بینیووە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزین. بەردەوام هەندێکمان دەبینە کلکی تەور و ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە”.

پارێزگاری سلێمانی داواش لە هەموو تاک و دەستە و لایەنێکی کورد و کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەكات، بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوە و ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە.

داواشدەكات، “خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن. ئیرادە و شکۆ و مێژوو و رەسەنایەتی و قوربانی و دەسکەوتەکانی کورد و کوردستانیان؛ لەمە ورد و خاشتر مەکەن”.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێک بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانیی

بۆ هەموو کوردو کوردستاننشینان، لە هەر کوێیەکی دنیا هەن..
هۆکاری سەرەکیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و کەوتن و شکست و پاشەکشەو لەتبونمان؛ ناکۆکییە ناڕەواکانمانن، قبوڵکردنی هەموو ئەوای ترە بە دوژمنەکانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و شەڕی میرەکان و شەڕی براکان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان هەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاک، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و حیزبیی حکومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەکان؛ پەرت و کەرت و کەم و کورت و کووڕ بوین و؛ چاومان یەکتر نابینێت.
مێژومان ئەزموننەکردووەو هەزار گلان نەیکردوین بەسوار، نە سودمان لە شکستەکانمان بینیوە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزین.بەردەوام هەندێکمان دەبینە کلکی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە.
((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحکومن بەوەی؛ کە دووپاتی بکەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، کاتی ئەوە درەنگبووە کە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داهات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.
مانەوەو چارەنوسی کوردو کوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی کەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەکەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەکی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵک و خاک و نیشتمانەکەمان و خۆمان؛ زامنبکەین، تاوان و کارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەکانی پێشوومان؛ ڕاستبکەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێکبکەینەوە.
بە ناکۆکیشمان تەنها قەدەری ژیانێکی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.
بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە.
خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن.
ئیرادە و شکۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسکەوتەکانی کوردو کوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەکەن.
ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو بوێربن؛
پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن.
ئەگەرنا؛
ناکۆکییە ناڕەواکانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی

بابەتی پێشتر

دوای دوو مانگ دیارنەمانی تەرمی گەنجێک لە هەولێر دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

هەرگیز لە کاتی خۆشتندا ئەم هەڵانە مەکە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما دادەبەزن

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ دووشەممە پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بەخۆیانەوە دەبینن. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە،…
Total
0
Share