بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە جەمال كەربولی، سەرۆكی شاندی هاوپەیمانیی یەكگرتووی ئەنبار و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی هاوپەیمانییەكە كرد.
لە دیدارێكدا كە شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان تاوتوێكران و جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگییەكان و كاری پێكەوەیی كرایەوە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەت بۆ چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر.
لە درێژەی دیدارەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان هەردوولا بە تایبەت هێز و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئەنبار كە بناغەیەكی بەهێزی سیاسی هەیە دووپاتكرایەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی وڵات و دوایین گۆڕانكارییەكان كرد و رایگەیاند، “دەبێت هەوڵەكانمان بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی و یەكجارەكی بەردەوامبێت و دەستوور خاڵی یەكلاكەرەوەی كێشەكان بێت”.