نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە 210 ملیۆن تۆن پاشماوە لە تورکیا کۆبووەتەوە

لویزا فێنتۆن نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا رایگەیاند، دەبێت زیاتر لە 210 ملیۆن تۆن داروپەردوو لەو باڵەخانانە لاببرێت کە لە بوومەلەرزەکەی سەرەتای مانگی شوباتدا ڕووخاون.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، “پاشماوەکان رووبەری حەوت ملیۆن مەتر چوارگۆشەی دەوێت بۆ ئەوەی لەم داروپەردووانە رزگارمان بێت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنیدا کە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خێراتر بکات، بەڵام شارەزایان هۆشدارییاندا لە کارەساتێکی تر ئەگەر هۆکارەکانی سەلامەتی لەبەرچاو نەگیرێن لەپێناو ئەوەی بیناکان بە خێرایی تەواو بکەن.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا 865 هەزار کەس لە خێمە و 23 هەزار و 500 کەسیش لەناو کۆنتێنەردا دەژین و 376 هەزار کەسیش لە قوتابخانە و میوانخانە گشتیەکانی دەرەوەی ناوچەکانی بوومەلەرزە دەژین.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن، لە یەکەم بومەلەرزەی تورکیادا زیاتر لە 41 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان لە سوریا گەیشتووەتە نزیکەی شەش هەزار کەس.

بەپێی داتا کۆکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو خۆڵ و خاشاکەی بەهۆی داڕمانی باڵەخانەکانەوە لە بومەلەرزەکەی تورکیادا کۆبوونەتەوە زیاترە لە 210 ملیۆن تۆن و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چارەسەرکردن و پاککردنەوەی ناوچەکان.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵی ڕیمۆنتادا لە ئانفێڵدەوە کۆتایی بە لیڤەرپوڵ هێنا و ناپۆلی براوەبوو

بابەتی دواتر

عێراق کونسوڵخانەکەی لە باکووری کوردستان دەگوازێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share