ئەردۆغان: سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییانی ڕووداوەكەی دهۆك دەكەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆك كۆماری توركیا بەرپرسیارێتیی وڵاتەكەی لە هێرشی سەر سەیرانگاكەی زاخۆ ڕەتدەكاتەوە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكانی دەكات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، ڕووداوەکەی دھۆک، وەکو ھەمیشە یەکێکە لە کردەوەکانی پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە و وتی، “ئێمە ئەمەمان بە ئەمریکییەکان و لایەنی ڕووسی ڕاگەیاند و وتمان ‘سەیرکەن دۆخەکە بەم شێوەیەیە لێرەدا مەکەونە نێو گەمەیەکەوە'”.

ئەردۆغان لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنێكی وڵاتەكەی وتیشی، “ھەمان شتمان بە دۆست و برا عێراقییەکانیشمان وت. ئاگاداری لێدوانەکانتان بن، تورکیا ئەستەمە کردەوەیەکی لەوشێوەیە لەگەڵ دۆست و براکانیدا ئەنجامبدات. ئێمە شتێکی لەم جۆرە ئەنجام نادەین”.

سەرۆك كۆماری توركیا باس لە لێدوان و كاردانەوەكانی پاش هێرشەكەش دەكات و ئەوەی خستەڕوو، لەوێ ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و برا عێراقییەکانمان لێدوانی باشیان دا، بەڵام بەشێکیشیان لێدوانی پێچەوانەی ئەمەیان دا. بەناوی وڵاتەكەشیەوە سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییانی ڕووداوەكە كرد.

چوارشەممەی ڕابردوو 20ی تەمموز سوپای توركیا بۆردومانی گوندی پەرەخێی لە سنووری ناحیەی دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و بەهۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 23ی دیكە برینداربوون.

دوابەدوای هێرشەكە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە ڕەوانەی شوێنی هێرشەكە كرد تا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.

فوئاد حسێن لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئێمە شارەزا و بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە، دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە.

وتیشی، “حکومەت و سوپای تورکیا و هەندێک جار دەڵێن بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام تۆپبارانی گوندێکی ئارام و کوشتنی خەڵکی مەدەنی و گەشتیار ئەمە نابێتە بەرگری لە خۆکردن”.

وەزیری دەرەوەی عێراق داواشی لە تورکیا کرد سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق ڕابگیرێت و داوای لێبووردن لە گەلی عێراق بکات و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان و برینداران بکاتەوە.

 

بابەتی پێشتر

كاریان بۆ توركیا كردووە.. لە ڕۆژئاوای كوردستان سێ سیخوڕ دەستگیركران

بابەتی دواتر

یارییەك دەگۆڕێت بۆ كارەسات.. ڕۆبۆتێك هێرشێدەكاتەسەر منداڵێك و پەنجەی دەشكێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share