پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی سبەینێمان لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی داوادەكەین چارەسەری جیاوازیی نرخی دۆلار بكرێت كە لە بانكی ناوەندی بە نرخێكەوە و لە بازاڕدا 25 هەزار دینار گرانترە.
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەسەر داوای ئێمە وەك لیژنەی (ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی) سبەینێ چوارشەممە بانگێشتی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەكەین پەیوەست بە بەهای دۆلار و ئاستەنگییەكان و رێگاچارەكان.
راشیگەیاند، ناكرێت بەهای 100 دۆلار لە بانكی ناوەندیی عێراق بە 132 هەزار دینار بێت و لە بازاڕدا 25 هەزار دینار گرانتربێت بۆیە لە دانیشتنی سبەینێدا داوادەكەین پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق چارەسەری ئەو كێشەیە بكات كە بڕێك دۆلاری زیاتر بخرێتە بازاڕەوە و ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر بەهای دۆلاری دابەزاندووە، بەڵام چارەسەری كێشەكە ناكات.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، “بانكی ناوەندیی عێراق دەتوانێت بە گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێك بەهای دۆلار لە بازاڕەكاندا جێگیربكات و هاوشێوەی ئەو نرخە بێت كە خۆی دەیخاتە بازاڕەوە بۆیە داوای چارەسەركردنی بنەڕەتی ئەو كێشەیە دەكەین”.