ئامێری ئاگاداركەرەوەی جەستەیە.. كێشە تەندروستییەكان لە گوێ-وە دەستپێدەكەن

زۆر كەس بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گوێیەكان و گۆڕینی رەنگی بۆ سوور دەبەستنەوە بە تووشبوون بە هەڵامەت. بەڵام ئەوەی نایزانن ئەوەیە كە گوێ وەك ئامێری ئاگاداركردنەوەی جەستەیە و لەو كێشە تەندروستییە جۆراوجۆرانە ئاگادارت دەكاتەوە كە لەگەڵ چوونە تەمەندا تووشت دەبێت.

تەنها لە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا نزیكەی 15 ملیۆن كەس بەدەست لاوازیی بیستنەوە دەناڵێنن. بەپێی ئەوەی لە ئەنجامی ژمارەیەك توێژینەوەوە بەدەستهاتوون، ئەو كەسانەی تووشبووی لاوازیی بیستنن لە سوكەوە بۆ مامناوەند، بەڕێژەی 20% لەبەردەم مەترسی تووشبووندان بە نەخۆشییەكانی دیكەی جەستە و مێشك، هەروەها ئەگەری داخڵكردنیان بۆ نەخۆشخانە هەیە بەراورد بەوانەی كێشەی بیستنیان نییە.

گۆڤاری (براكسیس ڤیتا)ی پزیشكیی ئەڵمانی تیشكی خستووەتەسەر ئەو نەخۆشی و كێشە تەندروستییانەی بەتایبەت لای ئەو كەسانەی لاوازیی بیستنیان هەیە روودەدات:

زەهایمەر: لەگەڵ چوونە تەمەندا، توانای مێشك كەمدەكات و یادەوەری لاوازدەبێت. لاوازیی بیستن مێشك بێبەشدەكات لە سوودمەندبوون لە بەئاگاهێنەرە دەرەكییەكان وەك گفتوگۆ یان میوزیك كە وادەكات تواناكان بۆ مێشك بگەڕێنەوە. بۆیە توانای مێشك لاواز و لاوازتردەبێت و بۆ نەخۆشی لەبیرچوونەوە یان زەهایمەر پەرەدەستێنێت.
سەرەڕای ئەوەی لەدەستدانی بیستن و ئەو دەنگەی لە گوێیەكاندا دەزرینگێتەوە دەبێتەهۆی لاوازبوونی توانای فێربوون لە مێشكدا.

كاریگەریی نەرێنی: بەپێی توێژینەوەكان، ئەو كەسانەی لاوازیی بیستنیان هەیە، ئەگەری كەوتنیان زیاترە لەوانی دیكە- زۆرجاریش شكان لە حەوز و ران و ئێسكەكانی دیكەدا روودەدات، بەوەش سەرەڕای لاوازیی بیستن ناچاری نەشتەرگەری و هەندێكجاریش چاندنی پەلی دەستكرد دەبن.

تێكچوونی باری دەروونی: ئاستەنگی بیستن لای گەورە ساڵان دەبێتەهۆی فشار و تێكچوونی دەروونی. بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە لە چواردەوریان دادەبڕێن بەهۆی نەتوانینی بەشداربوون لە گفتوگۆ و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە. هەست بە شەرم دەكەن كاتێك چەند جارێك پرسیار لەسەر شتێك دووبارە دەكەنەوە بۆ ئەوەی لێی تێبگەن.

دڵ و دەمارەكان: ئەو كەسانەی ئاستەنگی بیستنیان هەیە جموجوڵ و هاتوچۆیان كەمە، ئەمەش مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان زیاددەكات.

گوێیەكان بە “ئامێری ئاگاداركەرەوە” دادەنرێت، پزیشكان رێنوێنیی تووشبووان دەكەن بە بەكارهێنانی بیستۆكی پزیشكی لە قۆناغی سەرەتادا، كە دەبێتەهۆی باشبوونی بیستنیان و بەهۆیەوە بەشداریكردن لە چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و دووركەوتنەوە لە كاریگەرییە لاوەكی و نەرێنییەكانی دیكە.

بابەتی پێشتر

سەندیكای رۆژنامەنووسان: كاری رۆژنامەوانی لە هەرێم پێیناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە

بابەتی دواتر

داڵدەدانی تاوانباران و خەمساردی هێزە ئەمنییەکان هەولێریان کردووەتە شوێنێکی مەترسیدار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share