لامپارد بۆ سێ یاریزانی چێڵسی: یانەی دیکە بۆخۆتان بدۆزنەوە

فرانک لامپارد داوای لە کیپا کردووە یانەیەکی دیکە بۆخۆی بدۆزێتەوە

ڕاهێنەری یانەی چێڵسی، فرانک لامپارد لەم وەرزەدا پێکهاتەیەک بۆ وەرزەکانی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی بونیاددەنێت و چەند یاریزانێکی خستووەتە لیستی فرۆشراوانەوە.

لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020 یانە شینە زەبەلاحەکەی شاری لەندەن چەندین یاریزانی ناودار و زەنگۆڵەداری هاوشێوەی تیمۆ ڤێرنەر و کای هاڤێرتز و حەکیم زەیاش دابینکرد، لە بەرانبەردا چەندین یاریزانی پێکهاتەی سەردەمەکانی کۆنتی و ماوریزیۆ ساری دوورخرانەوە.

ڕۆژنامەی دەیڵی ئێکسپرێسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بونیادنانەوەی پێکهاتەی بلوزی لەندەن لەم وەرزەشدا بەردەوامدەبێت، لەهەمان کاتدا پێکهاتەکە لە چەند یاریزانێکی بێسوود پاکتاو دەکرێت.

لامپارد بۆ ئەم مەبەستە داوای لە سێ یاریزان کردووە یانەی دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە، کە پێکهاتوون لە کیپا ئاریزابالاگای گۆڵپارێزی ئیسپانی و مارکۆس ئەلۆنسۆ و ئەندریاس کریستنسنی بەرگریکاران.

کیپا لەدوای کڕینی ئیدواردۆ مێندی لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخراوەتەوە، هەروەها کریستنسن و ئەلۆنسۆ بەهۆی بوونی یاریزانی باشترەوە بەتەواوی لە پێکهاتەکان دوورخراونەتەوە.

بەڕێوبەرانی یانەی چێڵسی لەسەر خواستی لامپارد ئامادەییان نیشانداوە لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 دەستبەرداری سێ یاریزانەکەیانبن، بەڵام کێشەیان لەگەڵ نرخەکانیاندا هەیە.

کیپا لە گرانبەهاترین گۆڵپارێزی جیهانەوە (80 ملیۆن یورۆ)، نرخی بۆ (18) ملیۆن دابەزیوە، نرخی هەردوو یاریزانەکەی دیکەش بە 48 ملیۆن خەمڵێنراوە.

بابەتی پێشتر

ئیل پایس: کومان و ڕیکی پوج لە ژووری جلگۆڕینەکان دەمەقاڵێیان بووە

بابەتی دواتر

گارسیا پیمێنتا کێیە؟ لە بەرشلۆنە بە گواردیۆلای نوێ ناویدەبەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share