فەرمانگەی میدیا و زانیاری: هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژنامەی “الصباح”ی عێراقی ، نووسینکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایا لە راپرسییەکدا “خەڵک بێهیوا بوون لە دەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا”، ئەم سەنتەر و بەناو راپرسییەی رۆژنامەکە پشتی پێبەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لە راستییەوە، ئەگەر بە راستیش رۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن ، باوەڕیان بە راپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین راپرسی و ریفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لە دژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ریفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن ، کە هەرێمی کوردستان لە رووی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە”.

لە کۆتاییشدا ئاشکرایکرد، ” هەرێمی کوردستان ، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی رۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێت و کەسیش هەر نازانێت ماوە یان داخراوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردنەوەی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێم رادەگەیەنێت

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردنەوەی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێم رادەگەیەنێت و داوایەک لە دەنگدەران دەکات. کۆمسیۆنی باڵای…
Total
0
Share