قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، ئەمشەو ئاسایشی قەزاكە لەبارەی دەنگۆی هەبوونی قوماركردن هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی لە بەشێك لە كافتریا و بلیاردەكانی دەربەندیخان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە دوای ئاگاداركردنەوە سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی قوماركردن لە بەشێك لە شوێنەكانی بلیاردكردن دەستبەجێ لەسەر بڕیاری قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان بە هاوكاريی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی دەربەندیخان ئەمشەو هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان بۆ بەشێك لە كافتریا و بلیاردەكانی قەزاكە ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بە مەبەستی پابەندبوونی سەرجەم شوێنەكان بە ڕێنماییەكانی لیژنەكە و چاودێریكردنی ئەو شوێنانەی بلیاردی تێدا دەكرێت لە كاتی گەڕان و پشكنیندا توانرا لەم هەڵمەتەی ئەمشەودا دەستبگیرێت بەسەر ژمارەیەك لە چەقۆ و ئامێرەكانی شەڕكردن هەروەها ئاگاداركردنەوەی توند درا بەسەرجەم شوێنەكانی بلیاردكردن بۆ دووركەوتنەوە لە دیاردەی قوماركردن لەسەر بلیارد.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان و دانیشتووانی خۆشەویستی قەزای دەربەندیخان دەكەینەوە لە كاتی هەبوون یاخود گومانكردن بە هەبوونی دیاردەی قوماركردن ئەوا ڕاستەخۆ لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان ئاگاداربكەنەوە.