وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كوردستان ڕایگەیاندووە، “دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە، كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت”.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لەبارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی چەكداری كورد لە پارێزگای كەركوك كە سەربە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە”.
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە، كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركوك”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “حەشدی شەعبی لەلایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن و ئەگەر هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لەلایەن سەرۆكایەتیی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی”.
بابەتی پەیوەندیدار.. “دروستكردنی فەوجێكی كوردیی سەربە حەشدی شەعبی دووبارەبوونەوەی جاشایەتییە”