رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە هەفتەی رابردوودا تورکیا و سوریای گرتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 26 ملیۆن کەس، هۆشداریشیدا لەوەی کە دەیان نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و ناتوانن بە هانای بریندارانەوە بچن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە 25 ملیۆن و 600 هەزاری تێپەڕاندووە، رێکخراوەکە هەڵمەتی کۆکردنەوەی 42.8 ملیۆن دۆلاری بۆ پێداویستیی تەندروستی و هاوکارییەکانی دیکەی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دەستپێکردووە.
ڕێکخراوەکە پێشتر 16 ملیۆن دۆلاری لە سندوقی فریاگوزاریی بەپەلەی رێکخراوەکە پێشکەشکردووە، بەپێی رێکخراوەکە ژمارەی قوربانییەکان 15 ملیۆنیان لە تورکیا و 11 ملیۆن لە سوریان.
زیاتر لە پێنج ملیۆن لەوانە لە ڕیزبەندی هەرە لاوازەکان دادەنرێت. لەنێویاندا نزیکەی 350 هەزار کەسی بەساڵاچوو و زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار منداڵیشیان تێدا هەن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 4 هەزار باڵەخانە لە بوومەلەرزەکەدا رووخاون و نزیکەی 15 نەخۆشخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
لە سوریا لانیکەم 20 هەزار دامەزراوەی تەندروستی لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە چوار نەخۆشخانەیان تێدایە، زیانیان بەرکەوتووە.