(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مەدرید پێنجەم جامی جیهانیی یانەکانی چنییەوە

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان ئەنجامدرا، یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بە بردنەوەی لە هیلالی سعوودی، بۆ پێنجەم جار لە مێژوویدا جامەکەی بەرزکردەوە.

یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یارییەکی بەهێزدا ڕووبەڕووی هیلالی سعوودی و پاڵەوانی کیشوەری ئاسیا بووەوە، یارییەکە لە کاتی یاساییدا بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لە بەرژەوەندیی ئەستێرەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی کۆتاییهات.

گۆڵەکانی “لۆس بلانکۆس” لە خولەکەکانی 13، 18، 54، 58، 69 لەلایەن ڤینیسیۆز جونیۆر (دوو گۆڵ) و فیدریکۆ ڤاڵڤێردی (دوو گۆڵ) و کەریم بنزیمەوە تۆمارکران، گۆڵەکانی هیلال لە خولەکەکانی 26، 63، 79 لەلایەن موسا ماریگا و لوسیانۆ ڤیتۆ (دوو گۆڵ) تۆمارکران.

بەو بردنەوەیە، یانەی ڕیاڵ مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا بووە براوەی وەشانی 2023ی مۆندیالی یانەکان، کە دەکاتە ناسناوی ژمارە پێنج بە کۆپی نوێ و هەشتەم ناسناو لە تەواوی کۆپییەکانی جامی جیهانی یانەکان (ئینتەرکۆنتێنتاڵ و مۆندیالی یانەکان).

لەسەر ئاستی تاکە کەسی، تۆنی کرووس بە بردنەوەی شەش ناسناوی مۆندیالی یانەکان بە درێسی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بایرن میونشنەوە ڕیکۆردی شکاند، بووە یەکەمین یاریزان شەش ناسناوی مۆندیال دەباتەوە.

هەروەها پیدرۆ جیلێرمیی هێرشبەری فلامینگۆ بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ، بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە و خەڵاتی یاریی خاوێنیش بەخشرایە کەریم بنزیمەی فەرەنسی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید.

خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکەش بەخشرا بە ڤینیسیۆز جونیۆری بەڕازیلی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید، لەم خەڵاتەشدا فیدریکۆ ڤاڵڤێردی پلەی دووەم و لوسیانۆ ڤیتۆ پلەی سێیەم-یان بەدەستهێنا.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: تیمەكانمان بەردەوامن لە پاككردنەوەی رێگاكان لە بەفر

بابەتی دواتر

لیچی 1-1 ڕۆما

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share