بافڵ جەلال تاڵەبانی لەیادی مورافەعە مێژوویەكەدا:
باوەڕی نەگۆڕمان بە کوردستانیبوونی کەرکوک روونە

لە ساڵیادی مورافەعە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلالدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، باوەڕی نەگۆڕ و پتەوی ئێمە سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکوک روونە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە رێگەی بەڵگەی مێژوویی و یاساییەوە تێدەپەڕێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “خەبات و هەوڵدانی بێوچان و لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال لەپێناو کەرکوک و پاراستنی شوناسی شارەکە، نیشاندەری ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرگیز سازشی لەسەر خاکی کوردستان نەکردووە و نایکات. باوەڕی نەگۆڕ و پتەوی ئێمە سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکوک روونە، بەڵام تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکانی شارەکەمان لەیادنەکردووە و پارێزگاریمان لێکردووە”.

“ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال و سوودوەرگرتن لە میراتە دەوڵەمەندەکەیدا دەڕۆین” سەرۆكی یەكێتی وادەڵێت و دووپاتیشیدەكاتەوە، هەر بۆیە لەماوەی رابردوودا لە ماڵەکەی خۆی لە بەغداد کە کۆکەرەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکان بوو، کاراکردنەوەی ماددەی 140ـمان لە کارنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکرد و هەموو هەوڵێکیشمان لەپێناو جێبەجێکردنیدا دەبێت.

روو لە خەڵكی كەركوكیش وێرای ناردنی سڵاوی قارەمانێتی و خۆڕاگری دەڵێت، شارەکەتان قودسی کوردستان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

مارکینیۆس: باشترە دەممان داخەین

بابەتی دواتر

كەشناسی: ئەمڕۆ بەفربارین بەردەوامدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share