دوای 24 ساڵ بۆ یەکەمجار بۆرسەی تورکیا راگیرا

بۆرسەی ئیستانبول کارەکانی راگرت، ئەوەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1999وە، ئەمەش دوای ئەو دوو بومەلەرزە وێرانکەرەی وڵاتەکەی گرتەوە و زیانێکی گەورەی مرۆیی و ئابووریی دروستکرد.

پێوەرەکانی BIST 100 بەرەو خراپترین ئاستی هەفتانەی خۆی دەڕوات لە دوای قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008ەوە.

بۆرسەی ئیستانبول لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بۆرسەمان بڕیاریداوە مامەڵەکردن لە بازاڕەکانی بۆرسە و ئاڵوگۆڕ رابگرێت”، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە کەی جارێکی دیکە دەکرێتەوە.

پێش ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پێوەرە سەرەکییەکانی بۆرسەی ئیستانبول زیاتر لە 7% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا نزیکەی 8.6% دابەزیبوو، ئەمەش بەهۆی کاردانەوەی نەرێنیی بومەلەرزەکە کە ئەو وڵاتەی گرتەوە.

لە کاتی کارەسات و قەیرانەکاندا بازاڕە داراییەکان بەزۆری پەنا دەبەنە بەر راگرتنی بازرگانی بۆ ماوەیەکی کاتی، ئەمەش بۆ پاراستنی وەبەرهێنەران و سنووردارکردنی زیانەکان.

دوایین جار کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بۆرسەی ئیستانبول راگیرا لە ساڵی 1999 بوو کە بومەلەرزەیەک ناوەندی پیشەسازیی تورکیای لە نزیک ئیستانبول هەژاند و راگرتنی بازرگانی بە پشکەکانی تورکیا لەو کاتەدا بۆ ماوەی هەفتەیەک راگیرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share