بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار کەسی بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی مامۆستایەکی ئاینیی لە بەکرەجۆ راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی چوار تۆمەتبار بە فێڵ بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار دینار لە مامۆستای مزگەوتی گوندی جێشانە وەردەگرن، بە بیانووی ئەوەی بە نرخی كەمتر لە بازاڕ نەوتی سپیان بۆ دابیندەكەن، بەڵام دواتر دەردەكەوێت كە ئەو كەسانە فێڵیان لە دانیشتووانی گوندەكە كردووە و هیچ بڕە نەوتێكیان بۆ دابیننەكردوون، بەو هۆیەوە دانیشتووانی گوندەكە سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمەتبارەكان تۆمار کرد”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد و سەرئەنجام توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی تەكیە دەستگیربكرێن”.
باسی لەوەش کرد، “لەئێستادا تۆمەتباران أ، ر، س، ع،ع، ف، أ،ع،ف، ف،س،أ
كە سەرجەمیان بە ناسنامە كوردن بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە”.