قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی زەوییەکی گرانبەهای دەربەندیخان دەربڕی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ئاوی قەزاکە.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری کوردستان رایگەیاند، ” ئاوی دەربەندیخان، کەمە و پیسە و هیچ مەرجێکی بەکارهێنانی تێدانییە، زیاتر لە 10 ساڵە، نیوەی پرۆژەکە تەواوبووە بەجێهێڵدراوە، لە سەرەتای کاری پەرلەمانییەوە بەدواداچوونمان کردووە، دەیان جار نووسراو و بەدواداچوونمان کرد، بۆ چارەسەری ئاوی دەربەندیخان، بەڵام نووسراو تەواودەکرا دەیان ووت، دەبێت لە داهاتی سلێمانی بێت، دەچووین لە سلێمانی دەیان ووت، داهات نییە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ” چەند مانگ پێش ئێستا بە فرۆشتنی زەویەکی نایاب، پێشنیاری چارەسەری ئاوی دەربەندیخانمان خستە بەردەست جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەمڕۆ پاش گفتوگۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت رەزامەندیی کۆتایمان وەرگرت و سەرۆکی شارەوانی راسپارد، زەویەکە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار بکات، بەشێکی تەرخاندەکرێت بۆ تەواوکردنی ئاوی دەربەندیخان و بەشێکیشی بۆ خزمەتگوزاری سلێمانی”.
باسی لەوەشکرد، “ئەمە هەنگاوێکی گرنگە پێشتر زەوی بێ بەرامبەر بردرابێت یان شەریکی بەرپرس و حیزب بێت، ئێستا بکرێتە خزمەتگوزاری بۆ خەڵک، سوپاس بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ قبوڵکردنی پێشنیارەکەمان”.