دەزگای ناوەندیی ئامار، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی یەکەم ئاشکرایکرد کە قەرزە ناوخۆییەکانی سەر عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2020دا گەیشتووەتە زیاتر لە 43 تریلیۆن دینار.
دەزگای ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ” کۆی گشتیی قەرزە ناوخۆییەکانی سەر عێراق گەیشتووەتە 43 تریلیۆن و 454 ملیار و 406 ملیۆن دینار لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، لەکاتێکدا قەرزەکانی سەر عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی ڤ2019دا بڕی قەرزەکانی سەر عێراق 38 تریلیۆن و 134 ملیار و 166 ملیۆن دینار بووە و ئەو بڕە لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2019دا بەرزبووەتەوە بۆ 38 تریلیۆن و 331 ملیار و 548 ملیۆن دینار.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بڕی یەدەگی نەختینەی عێراق دابەزیوە بۆ 68 تریلیۆن و 505 ملیار و 638 ملیۆن دینار، لەکاتێکدا لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2019دا بڕی نەختینەی یەدەگی عێراق 78 تریلیۆن و 253 ملیار و 336 ملیۆن دینار بووە”.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “تێکڕای نرخی دراو لە بانکی ناوەندیی عێراق جێگیربووە لە چارەکی سەرەتا و کۆتایی ساڵی 2019 و چارەکی سەرەتای 2020 کە برەکەی 1190 دینار بووە بەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی”.